ھۆشیار سیوەیلی: چوونی شاندی پارتی بۆ بەغدا، بۆ دوو مەبەستە
گفتوگۆ لە نێوان لایەنەكاندا لەبارەی پێكھێنانی حكوومەتی تازەی عێراقەوە بەردەوامە و، پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە رێگەی ناردنی شاندێك بۆ بەغدا بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا دەستی بە گفتوگۆ كردووە.
ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، ڕايگەیاند: "پەیوەندیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان تێك نەچووە، بەڵام لێكتێنەگەییشتن ھەیە، بەداخەوە یەكێتی بە بێ ئەوەی لەگەڵ پارتی لەسەر كاندیدی سەرۆككۆمار رێك بكەون، د. بەرھەمیان بۆ ئەو پۆستە دیاری كردووە، پارتییش ھەرزوو باسی لەوە كردووە كە ئەو پۆستە ئیستحقاقی ئەوانە، یاخود بە لایەنی كەمەوە لەسەر كاندیدێك رێك بكەون، بەڵام یەكێتی تاكلایەنە كەسێكی كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، بۆیە پارتی رازی نییە".
سیوەیلی گوتیشی: "سەردانی جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بۆ بەغدا بۆ دوو مەبەستە، یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە سەردانی ھەرێمی كرد داوای لە سەرۆك بارزانی كرد كە پارتی بە جیددی لە حكوومەتی داھاتوودا بەشداری بكات، دووەم چوونی پارتی بە تەنیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە یەكێتی تاكلایەنە كەسێكی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار دیاری كردووە، بۆیەش شاندی پارتی چووە بۆ بەغدا، تا لەبارەی حكوومەتی تازەی عێراقەوە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا بكات".
KDP
