لە ماوەی شەش مانگدا 104 کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونەتە قوربانی

 لە ماوەی شەش مانگدا 104 کۆڵبەر بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونەتە قوربانی
بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی مافۆ مرۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانیکەم 104 کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو ١٧ حاڵەت کەمی کردووە.

ماڵپەڕی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨دا سەرجەم ١٠٤ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.

ئەو ڕێژەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کە ١٢١ حاڵەت بووە، ١٧ حاڵەت کەمی کردووە، واتە ڕێژەکە بووەتە ١٤.٥٪.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ٣٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد گیانیان لەدەست داوە کە ٢٩ کەسیان کۆڵبەر بوون و لە سنوورەکان کوژراون و ٣ کەسیان کاسبکار بوون و لە جاددەکانی کوردستان گیانیان لەدەست داوە.

لە کۆی ئەو ٣٢ کۆڵبەرەی کە گیانیان لە دەست داوە ٢١ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ٣ کەسیان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ، ٢ کەسیان بەهۆی تەقینەوەی مین، ٤ کەسیان بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە هەڵدێر و ٢ کەسیشیان بەهۆی جەڵتەی دڵ لەکاتی کۆڵبەریدا گیانیان لەدەست داوە.

٢٢ کەس لەو کۆڵبەرانەی کە کوژراون، خەڵکی پارێزگای ورمێ، ٨ کەسیان خەڵکی پارێزگای سنە و ٢ کەسیشیان خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون.

هەر لەو مەودا زەمەنییەدا، ٧٢ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بریندار بوون کە ٦٩ کەسیان کۆڵبەر و ٣ کەسیان کاسبکار بوون.

لەو ڕێژەیە ٤٥ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئیران، ١٠ کۆڵبەر بەهۆی بەربوونەوە لە هەڵدێر و بەرزایی، ٨ کۆڵبەر بەهۆی تەقینەوەی مین، ٨ کۆڵبەر بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ و کۆڵبەرێکیش بەهۆی کەوتنە ژێر بارەوە بریندار بوون.

بەپێی هەمان سەرچاوە، ٤٦ کەس لەوانەی بریندار، بوون خەڵکی پارێزگای ورمێ، ٢٠ کەس خەڵکی پارێزگای سنە و ٦ کەسیش خەڵکی پارێزگای کرماشان بوون.

بەپێی ئەو وێنەیەی خوارەوە، زۆربەی ئەو کۆڵبەرانەی بوونەتە قوربانی کە ٦٨ کەسن واتە (٦٤٪)ی کۆ گشتیی خەڵکی پارێزگای ورمێ بوون، هەروەها ٢٨ حاڵەت (٢٦٪)، خەڵکی سنە، ٨ حاڵەت (٨٪) خەڵکی پارێزگای پارێزگای کرماشان و ٢ حاڵەت واتە ٢٪ی ئەو بریندارانە خەڵکی باشووری کوردستان بوون.










باسنيوز
Top