قەرەتەپە.. حەشدی شەعبی سێ هاووڵاتیی کوردی دەستگیر کرد
لەم بارەوە کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان زانیارییەکانی پشتڕاست کردەوە و ڕايگەیاند: "بەڵێ، ئەو زانیارییانە لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسەوە ڕاستن".
ئەوەشی ئاشکرا کرد: "چالاک باوەنووری ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک گەرمیانە، هەروەها بڕیار جاف ڕۆژنامەنووسە، هۆشمەند حەسەن چالاکی ڕێکخراوەییە و گوتیشی ئەوانە بە مەبەستی بەشداریکردن لە پرسە چوونەتە شارەدێی قەرەتەپە، بەڵام لەلاین حەشدی شەعبییەوە دەستبەسەر کراون".
لەو بارەیەوە چالاک باوەنووری یەکێک لە دەستگیرکراوەکان دوای ئازادبوونی ڕايگەیاند: "کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی لەلایەن زابتی بەشی هەواڵگری حەشدەوە لە قەرەتەپە بۆ ماوەی ١:٣٠ دەستگیر کراین و پێیان گوتین کاری ڕۆژنامەوانی ڕێگەی پێ نادرێت و دەبێ پێش هەر کارێک مۆڵەت وەربگرن، دیارە پێشتر ناوەکانی ئێمە لە بازگەکانیان هەبووە".
گوتیشی: "هەرچەندە ئێمە بۆ بەشداریکردن لە پرسەیەک سەردانی قەرەتەپەمان کرد، بەڵام مەبەستێکی دیکەشمان هەبوو کە ئەویش ڕووماڵکردنی بارودۆخی قەرەتەپە بوو لەڕووی ڕاگەیاندنەوە".
باسنيوز
