کەریم سنجاری: نابێت فشار بخرێتەسەر هیچ کەسێک بۆ دەنگدان بە بەربژێرێکی دیاریکراو

کەریم سنجاری: نابێت فشار بخرێتەسەر هیچ کەسێک بۆ دەنگدان بە بەربژێرێکی دیاریکراو
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەشداریی لە هەڵبژاردن و دەنگدان بە مافێکی رەوای هەر تاکێکی کۆمەڵگە ناودەبات و رایدەگەیێنێت، نابێت هیچ بەرپرس و ئەفسەر و فەرمانبەر و کارمەندێک لەهەر ئاستێکی وەزیفیدا بێت پاڵەپەستۆ و هەڕەشە بخاتەسەر هەر ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرێک بۆ دەنگدان بە کاندیدێکی دیارییکراو و بەناچاری.

لە بڕیارێکدا کە وێنەیەکی دەست ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان کەوتووە، کەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی بۆ گشت پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم و گشت فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەرکردووە.

لە بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆدا هاتووە، وەکو ئاگادارن کە پرۆسەی هەڵبژاردن مافێکی رەوا و دەستووری و دیموکراسی و مسۆگەری هەموو تاکێکی کۆمەڵگەیە و هەر هاووڵاتییەک مافی خۆیەتی بە ئازادی و بەبێ سانسۆڕ بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکات بەتایبەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیاروایە لە رۆژی 30-9-2018 بەڕێوەبچێت بۆ هەڵبژاردنی ئەو کاندیدەی کە هەڵیدەبژێرێت.

وەزیری ناوخۆ رایدەگەیێنێت: "لەبەر ئەوە نابێت هیچ بەرپرس و ئەفسەر و فەرمانبەر و کارمەندێک لەهەر ئاستێکی وەزیفیدا بێت پاڵەپەستۆ و هەڕەشە بخاتەسەر هەر ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەرێک بۆ دەنگدان بە کاندیدێکی دیارییکراو و بەناچاری، بەپێچەوانەوە کەسی سەرپێچیکار رووبەڕووی سزادانی تووند دەبێتەوە بەپێی یاسا کارپێکراوەکان".

هەڵبژاردنی تایبەت دوو رۆژ پێش هەڵبژاردنی گشتی و لە رۆژی 28-9-2018 بەڕێوەدەچێت
kdp -
Top