د. عەبدولحەکیم: پارتی دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت زۆن و زۆنکاری ناھێڵێت

 	 د. عەبدولحەکیم: پارتی دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت زۆن و زۆنکاری ناھێڵێت
پسپۆڕێکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، دەبێ کۆتایی بەوە بێنین کە تاکە حزبێک بتوانێت ئاشووب لە ناوچەیەک دروست بکات، یان یاری بە میللەت و خاکەکەی بکات. ئەگەر پارتی دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت زۆن و زۆنکاری ناھێڵێت و ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتە چەوتەی حزبەکانی تر دەبێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەم ھەڵبژاردنە بەرنامەی کارێکی (١٠) خاڵی ھەیە. لە خاڵی یەکەم و لە بڕگەی (٥)دا باس لە دامەزراندنی حکوومەتێکی بەھێز دەکات کە بتوانێت دەسەڵات و سەروەریی یاسا و شەرعییەت لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستاندا پیادە بکات، یەکپارچەییی خاک و گەلی ھەرێمی کوردستان بپارێزیت و کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەستوەردانی حزبی و یاساشکێنی و سیاسەتی دووفاقی و فەوزای ناوچەگەری و سیاسی بێنێت.

پێوەست بەم بڕگەیە، د. عەبدولحەکیم خەسرۆ، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ھەرێمی کوردستان پێویستی بە دەسەڵاتێکی بەھێزە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی بەسەر ھەموو ناوچەکانی ھەرێمدا ھەبێت. پارتی دروشمی کوردستانێکی بەھێزی ھەڵگرتووە, ئەمەش تەنیا دروشم نییە و لە ڕابردوودا کاری بۆ کردووە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش ھەمیشە داوای کوردستانێکی بەھێزیان کردووە. بۆ ئەمەش دەبێ کۆتایی بەوە بێنین کە تاکە حزبێک بتوانێت ئاشووب لە ناوچەیەک دروست بکات، یان یاری بە میللەت و خاکەکەی بکات."

ئەو پسپۆڕەی زانستە سیاسییەکان ڕوونیشی کردەوە: "کوردستان پێویستی بە سەقامگیری و ئاوەدانی و ئابوورییەکی بەھێز و دروستکردنی ژینگەیەکی لەبارە بۆ وەبەرھێنان، ئەمەش لە پێناو بووژانەوەی ئابووریی ھەرێمە. ئەمانەش نایەنە دی ئەگەر دەسەڵاتێکی بەھێز لە ھەرێمی کوردستان نەبێت."

لە ڕابردوودا چەند ھێزیک بە پیلان و دەست لەپشتدان و یارمەتیی ھێزی دەرەکی چەندین ئاشووب و ڕووداوی مەترسیدار و گەورەیان بەسەر خاکی ھەرێم و خەڵکەکەی ھێناوە. ھەر لە خۆپێشاندانەکانی ٢٠١١ و سووتاندنی بارەگای حزبی و بەکوشتدانی منداڵانەوە تا دەگاتەوە بە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر. لێرەدا د. عەبدولحەکیم خەسرۆ دەڵێت: "ھەرێمی کوردستان ھەم لە ناو قەیرانێکی داراییی قووڵ و ھەمیش لە ناو شەڕی تیرۆر بوو، لەم ﻻیشەوە وڵاتانی ھەرێمی پیلانیان دژی ھەرێم دەگێڕا، ئەم حزبانەش کاریگەریەکی زۆری نەرێنیان ھەبووە لە دژی ھەرێم و ڕەوشی خراپی ھەرێمیان قۆستووەتەوە بۆ دروستکردنی ئاشووب. بەڵام بینیمان پارتی تاکە حزب بوو کە بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ھەرێمی کوردستانی لەئەستۆ گرت و قەوارەی سیاسیی ھەرێمی پاراست. بەڵام زۆرینەی ﻻیەنەکانی تر، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی ھەوڵی دروستکردنی ناسەقامگیرییان دەدا. پارتی دەتوانێت سەقامگیرییەکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەربازیی زیاتر بۆ ھەرێم بەدەست بێنێت. چونکە لە ڕابردووشدا پارتی کاری بۆ ئەم مەبەستانە کردووە."

د. عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەیشی دا: "ئەگەر پارتی دەنگی زۆرینە بەدەست بێنێت زۆن و زۆنکاری ناھێڵێت. چونکە لە ڕابردوودا ڕووبەرووی زۆر ھەڕەشە بووەتەوە کە لە ھەرێم دەکران. بۆیە ئەم جارەشیان ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتە چەوتەی حزبەکانی تر دەبێتەوە و ھەوڵ دەدات ناوچەگەری لەناو ببات و یاسا سەروەر بێت. ئەمەش وا دەکات تەواوی ھاووڵاتییانی ھەرێم لە سەرجەم ناوچەکان لە سەرجەم پڕۆژە و خزمەتگوزارییەکانی ئەم ھەرێمە سوودمەند بن."
kdp -
Top