وەزارەتی دەرەوەی عێراق باڵیۆزی خۆی لە تاران بانگ کردەوە
لە ڕاگەیەندراوەکەی "ئەعمەد مەحجووب"دا هاتووە: "وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕەفتاری نابەرپرسانە لەگەڵ هاووڵاتیانی عێراقی لە ئێران زۆر بەداخە، بۆیە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق بەهۆی ئەو ڕەفتارانەی "ڕاحج سابیر عەبوود ئەلمووسەوی" باڵیۆزی عێراق لە تاران لەگەڵ هاووڵاتیان، دەتەبجێ بانگ کراوەتەوە بەغدا هەتا دوای لێکۆڵینەوەی پێویست، هەموو ڕێکارە یاساییەکانی لەبارەوە بگیرێتە بەر.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەختی کردووەتەوە داوا لە هەموو باڵیۆزخانە و کونسووڵگەری و ناوەندە دیپلۆماسییەکانی عێراق لە وڵاتانی جیاجیا کراوە لە خزمەت هاووڵاتیانی عێراقدا بن، دەبوا باڵیۆزخانەی عێراقیش لە تاران وەک شوێنەکانی دیکە خزمەتی هاووڵاتیانی عێراق بکات.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە وردەکاریی ڕەفتاری نابەرپرسانەی ڕاجح سابیر عەموو ئەلمووسەوی باڵیۆزی عێراق لە تاران نەکردووە.
لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا و پاش دابەزینی بەهای ڕیاڵی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلار بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکا بەرانبەر بە تاران، ڕێژەیەکی زۆری گەشتیاری عێراقی ڕوویان لە ئیران کرد.
هەر لەم پەیوەندییەدا محەمەدموحێب خودایی، جێگری ڕێکخراوی گەشتیاریی ئێران پێشتر ڕای گەیاندبوو هاتنی گەشتیاری عێراقی بۆ ئێران 90٪ زیادی کردووە.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی گەشتیاری عێراقی بۆ ئێران لە میدیاکانی ئێران و عێراق دەیان ڕاپۆرت لەبارەی چوونی پیاوانی عێراقی بۆ پارێزگاکانی خووزستان و مەشهەد و سیغەی ژنانی ئێرانی و بۆ ڕابواردن بڵاو کرایەوە.
هەرچەند وەزارەتی انوخۆی ئێران ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە و داوای بەدواداچوونی دادوەریی بۆ سەرچاوەکانی ئەو ڕاپۆرتانە کرد، بەڵام چەندان سەرچاوە و بەرپرس لە مەشهەد ئەو ڕاپۆرتانەیان پشتڕاست کردەوە و بابەتەکە کێشرایە پەرلەمانی ئێرانیش.
باسنیوز
