فازڵ میرانی: پارتی واتە حیزبی دەوڵەت.. رابردوومان گەواهیدەری ئەو راستییەیە
ئەمڕۆ لە شارۆچكەی شەقڵاوە و لە میانەی كەمپینی هەڵبژاردنەكاندا، فازڵ میرانی بۆ كادیر و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، بەڵێنەكانی پارتی بۆ خزمەتگوزاری، هەندێكی جێبەجێ كراون و هەندێكیشیان ماون، هۆكارەكەیشی بۆ قەیرانی دارایی گەڕاندەوە.
میرانی ئاماژەی بەوەش كرد، هەندێك لایەن دەڵێن جادە و زانكۆ دروست دەكەین! لە كاتێكدا ئەوە پارتییە ئەو كارانەی كردووە و رابردووی خزمەتگوزارییان لە رێی حكوومەتەوە گەواهیدەری ئەو راستییەیە. نموونەیشی بە قسەیەكی نەوشیروان مستەفا هێنایەوە، كاتی خۆی گوتوویەتی: "هەولێر گوندێكی گەورەیە"، بەڵام ئێستا هەموو كەس دەبینێت هەولێر چ پێشكەوتنێكی گەورەی بە خۆیەوە دیوە.
لەمەڕ جێبەجێنەكردنی هەندێ پڕۆژەی رابردوو، میرانی روونی كردەوە، هەموو كارێك سێ پرەنسیپی هەیە، وەك: بیركردنەوە، ئیمكانیەت، ئالییەت، كە بیریان كردەوە ئیمكانیات دابین دەكەن، ئەویش لەگەڵ ئالییەت بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، لە هەندێ لە پڕۆژەكانیاندا، بیرۆكە و ئالییەت هەبووە، وەك خۆی باسی كرد، بەڵام ئیمكانییەت نەبووە، ئەویش بە هۆی قەیرانی داراییەوە. جەختیشی كردەوە لەوەی ئەوان كە دەڵێن پڕۆژەیەك جێبەجێ دەكەن، واتە دەیكەن، "رابردوویشمان گەواهیدەری ئەو راستییەیە".
ئەو تیشكیشی خستە سەر سیاسەتی پارتی لە رووی جیاوازینەكردن لە نێوان پێكهاتەكان و پێكەوەژیان و جیاوازینەكردنی رەگەزەكان، نموونەیشی بەوە هێنایەوە، یەكەم لایەن پارتی بووە ئێزدییەك و ئافرەتێكی كردووەتە دادوەر، گوتیشی: "ئەوە ئێمەین هەنگاو بۆ پێشكەوتن و پێكەوەژیان دەنێین، پارتی دیموكراتی كوردستان واتە حیزبی دەوڵەت، نەك تەنیا نەتەوەیەك".
ئەو جەختیشی لە ئەركی پاراستنی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە لەسەر شانی پارتی دیموكراتی كوردستانە و، گوتی: "كوردستانمان پاراستووە، سحێلا و پردێ شاهێدمانن، كە بە شەهیدبوونی چەندین رۆڵەمان بەرگریمان لە خاكی پیرۆزی كوردستان كرد و لەو شوێنانە حكوومەتی عێراقمان راگرت، گەر ئێمە نەبووباین، ئێستا كوردستان لە ژێر دەستی حكوومەتی عێراقدا دەبوو".
لەبارەی ئەو هێرشانەی لەم بانگەشەی هەڵبژاردنە دەکرێنە سەر پارتی میرانی دەڵێ، "ئێمە ئێستا خاوەنی کوردستانین، بەڵام نەک بە تەنیا وەک خەڵکانێک دەڵێن، ئێمە ئێستا هەموومان خاوەنی کوردستانین بە سەرجەم هێزە سیاسییەکانەوە، بەڵام ئێمە دەڵێین ئێمە خاوەنین، چونکە ئێمە ئەو وڵاتەمان پاراستووە، خەڵکێک کە دەڵێت با پارتی بچووک ببێتەوە، نابێت ئێمە خۆمانی لێ بێدەنگ بکەین. بەڵام ئێمە بەوە ناسراوین بەرگرییمان لە کوردستان کردووە، ئەوانەی دەڵێن ئێمە کوردستانمان پاراستووە، هەر ئەوان بوون کوردستانیان بە خەڵك داوە."
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هاوکات گوتی "بەڵی ئێمە جارێک 31ـی ئابمان کردووە، بەڵام ئەوانە 50 جار 31ـی ئابیان کردووە، ئەگەر ئێمە دوور بچین، 31 ئاب هی ساڵی 1996ـە، ئەی 16ـی ئۆکتۆبەر کەی بووە؟، با پێتان بڵێم 31ـی ئاب ئێمە هەولێرمان لە دەستی یەکێتی رزگارکرد، هەولێر ئێستا ماوەتەوە لە دەستی کوردستانە و و هی ئێمە و ئەوانە، ئێمە پرسیاردەکەین ئەوان کەرکووکیان بە کێ دا؟، بەڵی ئێستا لە دەستی حەشدی شەعبییە و هی هێزی عێراقە، ئێستا ئێمە و ئەوانیش لێی بێبەش بووین، کەرکووکییەکانیش بێبەش بوون لە شارەکەیان، بۆیە با دەمی خۆیان قەپات بکەن و چیدیکە قسە لەسەر پارتی نەکەن".
kdp-
