برێت مەکگۆرک: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری گرنگ لە عێراق دەدرێ

 برێت مەکگۆرک: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری گرنگ لە عێراق دەدرێ
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بڕیاری گرنگ لە عێراق دەدرێ. مەلا بەختیاریش ڕای گەیاند، هەر کاتێک هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەگەڵ یەکێتی یەکیانگرتەوە، ئەوا بەرهەم ساڵح مافی خۆکاندیدکردنی دەبێت.

لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەشدا، برێت مەکگۆرک ڕای گەیاند، عێراق بەرەو حکوومەتێکی سیادیی بەهێز دەڕوات و هەموو لایەک پابەند دەبن بەو ماوە دەستوورییەی کە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق دانراوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە چەند ڕۆژی داهاتوو بڕیاری گرنگ لە عێراق دەدرێت کە ئەو بڕیارەش سەرکردە عێراقییەکان و کوردەکانە دەیدەن.

هەر لە پرێس کۆنفرانسەکەدا مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، سوپاسی مەکگۆرکی کرد کە بۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی چووە و ڕاوێژ لەگەڵ هەموو لایەک دەکات. گوتیشی: ”ئێمە وەکوو یەکێتی هەمیشە بەشێک دەبین لە چارەسەر. کە لە بەغداش بووین ئێمە ڕوئیایەکمان هەبوو کە کەمێک سەبر بکەین تاوەکوو بەرچاومان ڕوونتر بێتەوە. لە بەغدا کێشەکان ڕوونتر بووەتەوە. ئێستا ئێمە دەبێ لە کوردستان دوابڕیار بدەین“.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە گفتوگۆی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان پارتی و یەکێتی بە بەرپرسیارانە دەبێت و لە نێوخۆی یەکێتیشدا بەرپرسیارانە دەبێت. هیواشی خواست، ”ئێمە و پارتی یەکگرتوویی هێزە کوردستانییەکان بپارێزین و بە یەک بڕیار بچینە بەغدا و کاندیدی سەرۆک کۆمار ببەین“.

لەبارەی کاندیدبوونی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق و هەروەها کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح، مەلا بەختیار ڕای گەیاند: ”بیستووتانە کاندیدەکان کێیە؟ ئەوەی یەکلای دەکاتەوە سەرکردایەتیی یەکێتییە کە سبەی یان دووسبەی سەرکردایەتیی یەکێتی کۆدەبێتەوە. جارێ هیچ بڕیارێکی رەسمی لە هاوپەیمانییەوە دەرنەچووە کە بەرهەم ساڵح دێتەوە نێو یەکێتی، هەر کاتێک بڕیارێکی فەرمی دەرچوو و پرۆسەی یەکگرتنەوە دەستی پێ کرد، بەرهەم ساڵح بۆی هەیە یەکێک بێت لە کاندیدەکان“.











باسنيوز
Top