دەست بە دابەشکرنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی جووتیاران دەکرێت
سبەی دەست بە دابەشكردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەكرێت.
نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانی هەرێمی كوردستان راگەیاند، لە سبەینێوە دەست بە دابەشكردنی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2018 دەكرێت، گوتی: "لە رۆژی 18ی ئەیلوولەوە دەست بە دابەشكردنی شایستەی دارایی ساڵی 2018ی جووتیارانی پارێزگای سلێمانی دەكرێت".
گوتیشی: "داوا لە جووتیارانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەكەین ئەوانەی گەنمیان رادەستی سایلۆ كردووە سەردانی سایلۆ بكەن بۆ خەرجكردنی پارەكەیان".
بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی ئاشكراشیكرد، بڕی پارەكە 22 ملیار دینارە و بەپێی چەك خەرج دەكرێت.
ڕوونیشی کردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا پارەی گەنمی 2018ی جووتیارانی هەولێر و دهۆكیش دەگات و خەرج دەكرێت.
bas news-
