ئەوكاتەی پارتی بەهێز بووە كوردستان و كورد بەهێز بوونە

 ئەوكاتەی پارتی بەهێز بووە كوردستان و كورد بەهێز بوونە
مامۆستایەكی زانستە سیاسییەكان دەڵێ, ئەوكاتەی پارتی بەهێز بووە جۆرێك لە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و خۆشگوزەرانی ڕووی لە هەرێم كردووە و, پێگەی كورد لە سەرجەم هاوكێشە عێراقی و جیهانییەكاندا بەهێزتر بووە. یان لە كاتی بەهێزبوونی پارتیدا هەوڵ دراوە كێشەی كورد لە پارچەكانی تریش چارە بكرێت.



پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەیەكی كاریی (10) خاڵیی داناوە. خاڵی یەكەمی ئەو بەرنامەیە ''بواری سیاسی''یە و لە (10) بڕگە پێك هاتووە. پێوەست بە شیكردنەوەی ئەم خاڵە, پەروێز ڕەحیم قادر، مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی سەڵاحەدین بۆ ‌ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە چەند قۆناخێكی ڕابردوودا ئاسایشی ناسنامەییی گەلی كورد كەوتووەتە مەترسییەوە, بەڵام پارتی توانیویەتی پارێزگاری لێ بكات و, هەرێم بكات بە ناوەندێكی گرنگی جیهان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. لە ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریشدا كیانی كورد و ئەم دەسەڵاتەی هەرێم كەوتە مەترسییەوە, بەڵام دووبارە پارتی توانی پارێزگاری لێ بكاتەوە و نەهێڵی ئەو پیڵانە ئیقلیمییە سەر بگرێت كە بۆ سڕینەوەی دەسەڵاتی سیاسیی كورد بوو لە عێراق. دواتر توانی وا بكات هەرێم دووبارە هەستێتەوە و بۆخۆیشی بەهێزتر بێت, وەك ئەوەی بینیمان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا توانی دەنگی زیاد بكات و ببێتە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی هەموو عێراق و, هەرێم بەهێز بكاتەوە لە هاوکێشەکاندا. پارتی دەیهەوێت فاكتەرەكانی ئابووری و جیۆپۆلیتیكی و پرسی جەنگی دژی تیرۆر و پرسی كورد لەم ناوچە ئاڵۆزە و ئارامیی هەرێم بەكار بێنێت بۆ سەركەوتن."



ئەو مامۆستایەی زانستە سیاسییەكان ڕوونیشی كردەوە: "هەر لە بەرەی كوردستانییەوە تا دەگاتە دامەزراندنی هەرێمی كوردستان و لەوێدا پارتی قوربانی بە دەنگەكانی دەدات، بۆ دروستنەبوونی لێكترازان تا دەگاتە ئازادیی عێراق و لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و تا دەگاتە جەنگی داعش پارتی هەوڵی داوە كۆدەنگیی كورد دروست بكات و بەكاری بێنێت بۆ بەهێزبوونی تەواوی كورد. بۆ نموونە، بینیمان حكوومەتی بنكەفراوانی دروست كرد بۆ ئەوەی دەنگی حزبەكان یەك بخات، هەرچەندە بە زیانی ئەویش بوو. هەركاتێكیش وڵاتانی دراوسێ و جیهان هەوڵیان داوە، یان پیلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەی لیكترازان دروست بكەن ئەوا زیانی گەورە بەر كورد كەوتووە. پارتی بۆ دەستەبەركردن و مسۆگەركردن و پاراستنی دستكەوتەكان و بەهێزبوونی كورد دەڕوانێتە كۆدەنگیی كورد."



پەروێز ڕەحیم قادر ئاماژەیشی دا: "پارتی هەوڵ دەدات تاكی كورد حاڵی بكات لەوەی كە ئەو لایەنانەی كە پابەند نەبوون بە ڕێكکەوتنی سیاسی و عورفی سیاسی, یان ئەگەر لایەنێكیش هەوڵ بدات بە دەستوەردانی دەرەكی كیانی هەرێم و بەرژەوەندیی خەڵك بخاتە مەترسییەوە, ئەگەر دەنگی ئەو بە من بدرێت ئەوا من تەواو ڕووبەڕووی دەبمەوە و ڕێ نادەم هەرێم پەكی بكەوێت و یاری بە ئاسایشی نەتەوەیی بكرێت."



پەرویز ڕەحیم جەختیشی كردەوە: "ئەوكاتەی پارتی بەهێز بووە جۆرێك لە سەقامگیریی سیاسی و ئابووری و خۆشگوزەرانی ڕووی لە هەرێم كردووە و پێگەی كورد لە سەرجەم هاوكێشە عێراقی و جیهانییەكاندا بەهێزتر بووە. یان لەكاتی بەهێزبوونی پارتیدا هەوڵ دراوە كێشەی كورد لە پارچەكانی تریش چارە بكرێت, بۆ نموونە، پرۆسەی ئاشتی لە باكوور, یان ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی. كەوایە ئەگەر پارتی بەهێز بێت، كورد بەهێز دەبێت."


kdp-
Top