پارێزگاری هەولێر: دەیان پرۆژەی گرنگ دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە
پارێزگاری هەولێر لە سەرەتای پرێس کۆنفرانسەکەدا گوتی: "بۆ جێبەجێکردنی هەندێ لە پرۆژە ڕاگیراوەکان و جێبەجێکردنی هەندێ پرۆژەی نوێی دیکە لە سنووری قەزا و ناحیەکان و سەنتەری شارەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوێنێ وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا پارەی پێویست و گوژمەکەی دابین کرد کە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی بۆ وەرگیراوە".
نەوزاد هادی راشی گەیاند: "پرۆژەکان لە سێکتەرەکانی ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا کە تایبەتن بە قەزاکان و سەنتەری شار، بۆ وێنە تۆنێلی هەولێر بۆ پیرمام و شەقڵاوە کە پارەی پێویستی بۆ تەرخان کراوە کە بەشێکی لەلایەن دوو کۆمپانیا و بەشەکەی دیکەشی لەلایەن بەڵێندەرانەوە جێبەجێ دەکرێت کە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژەیە کاریگەریی زۆری لەسەر ڕێگاوبانی هەولێر و بۆ شەقڵاوە هەیە".
پارێزگاری هەولێر ڕاشی گەیاند: "لە چۆمان و ناوپردان پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی کۆڵان و شەقامەکانمان هەیە، هاوکات لە قەسرێ، سۆران کە قیرتاوکردنی حەوت گەڕەکمان لەبەردەستە کە جێبەجێکردنی ئەچێتە بواری تەندەرەوە، هاوکات گەرووی عومەرئاغای بێشێ کە چەند ساڵێکە ماوەتەوە و ئەویش بڕیاری بۆ دەرچووە و جێبەجێ دەکرێت."نەوزاد هادی لە درێژەدا ڕای گەیاند: "چەند پرۆژەیەکی دیکەمان لە ناو سەنتەری شاری ڕواندز، دۆڵی ڕۆستێ، لە قەزای مێرگەسۆر چەند پرۆژەیەکی ئاو و ڕێگاوبانمان هەیە، بەتایبەتی بەستنەوەی ڕێگای نیودەوڵەتیی نێوان ئێمە و تورکیا لە ناوچەی "زێتێ" لە قەزای میرگەسۆر و سنوورەکانی سۆران، سیدەکان و ناوچەی برادۆست کاریگەریی زۆری بۆ هاتوچۆ و بازرگانی دەبێت".
باسنيوز
