ھونەرمەندێکی ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد

 ھونەرمەندێکی ناوداری کورد کۆچی دوایی کرد
ڕەسووڵ نادری، ھونەرمەندی میللی کورد، بەھۆی نەخۆشییەوە لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆچی دوایی کرد.



رۆژی دووشەممە 17/9/2018، ماڵپەڕی هاژە لە شاری مەهاباد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ھەواڵی کۆچی دوایی ئەو ھونەرمەندەی بڵاو کردەوە.



ڕەسووڵ نادری، چەند مانگێکە بەھۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراوە، لەوێ چەندین ھونەرمەند و کەسایەتی دیاری کورد سەردانیان کردووە.



نادری، خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە، شارەزاییەکی باشی لە ھونەری میللی و بە تایبەتی ڕێکخستنی بەندی کوردیدا ھەبووە، ساڵانێکی زۆر لە نێو بواری ھونەرییدا کاری کردووە، بەڵام چەند ساڵێکە بەھۆی نەخۆشییەوە ھیچ بەرھەمێکی نوێی ھونەری بڵاو نەکردووەتەوە.



ڕەسووڵ نادری کێ بوو؟



هونەرمەند ڕەسووڵ نادری، کە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و بەتایبەت لە ناوچەی موکریان، بە گۆرانیبێژی میللی و حەیرانبێژ و قسەخۆش و گێڕەرەوەی چیرۆک و نەقڵ بەناوبانگە، کەسێکی خۆشەوسیتی ناو کۆمەڵ و ڕازێنەرەوەی کۆڕ و مەجلیسان بوو، پاش چەند ساڵ نەخۆشی سەرەنجام لە تەمەنی 85 ساڵیدا شەوی ڕابردوو لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.

ڕەسووڵ نادری، ئەو هونەرمەندە نیشتمانپەروەر و بوێر و قسەخۆش و مەجلیس ڕەنگینە بوو کە تەنیا ئامانجی خزمەت بە هونەر و مۆسیقا و بەتایبەت فۆلکۆری کوردی و بزە خستنەسەر زاری خەڵک بوو.



لە ماوەی ژیانی هونەریدا کە بە سەربەرزی ژیاوە و کەسێکی ڕاستگۆ و نیشتماندۆست بووە، بە سەدان ئاواز و گۆرانیی فۆلکلۆری ناوچەی موکریانی لە فەوتان ڕزگار کردووە، هەروەک لە کاتی گێڕانەوەی نەقڵ و قسە خۆشەکانیدا باسی دەکات، لە ژیانی هونەرییدا ئاوارەیی و دەربەدەری و کوێرەوەریی زۆری دیوە. نادری بەهۆی ئێشی لاقەکانی و کێشی زۆر، تووشی گیر و گرفتی تەندروستی ببوو و پێشتریش لە مانگی 9ـی 2016 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بەرەو وڵاتی ئاڵمان بەڕێ کرا.



هونه‌رمەند ڕەسووڵ نادری ساڵی 1933 له ئاوایی "ئوزونتاش"ی مەهاباد له دایکبووه و له ئاوایی کانی سێو ماوەیه‌ک ژیانی بردۆته سەر. ساڵی 1968 به تۆمەتی دژایه‌تیکردنی ڕژێمی شاهه‌نشاهی بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کرا. له ساڵی 1972 له شاری مەهاباد نیشتەجێ بووە.



ئه‌م هونه‌رمه‌نده له بوارەکانی به‌یت و حه‌یراندا دەستێکی باڵای هه‌یه و نه‌قڵه خۆشەکانی به‌ناوبانگن.



باسنیوز
Top