وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی: بە ھۆی باشبوونی دۆخی ئابووریی ھەرێم ھەلی کار زیادی کردووە
لە ماوەی ڕابردوودا ھەرێمی کوردستان بە ھۆی بڕینی بەشەبودجەکەی لە لایەن بەغداوە و شەڕی داعش و نزمبوونی نرخی نەوت و ھاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە تووشی قەیرانی دارایی ببوو، بەڵام بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەو چاکسازییانەی ئەنجامی داوە، دۆخی ئابووریی ھەرێم بەرەو باشتر چووە و ئێستا جارێکی دیکە پڕۆژە ڕاگیراوەکان دەستیان پێ کردووەتەوە و پڕۆژەی نوێش ئەنجام دەدەن، ئەمەش وای کردووە ھەلی کار بۆ کرێکاریش زیاتر بێت.
پەیوەست بەم پرسە، عارف حیتۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا بە ھۆی قەیرانی دارایی و لە کارکەوتنی کۆمپانیاکان ھەلی کار کەمی کردبوو، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکان کەوتوونەتەوە کار و دەستیان بە ئەنجامدانی پڕۆژە کردووەتەوە، ئەمەش وای کردووە ھەلی کار زیاتر بێت، چونکە ماوەیەک بوو ھەلی کار کەمی کردبوو."
عارف حیتۆ گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٥دا بە ھۆی قەیرانی دارایی ھەلی کار زۆر کەمی کردبوو، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٧وە دۆخی ئابووریی ھەرێم ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشتر دەچێت، چونکە شەڕی داعش نەماوە و ئاوارەکان دەچنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بۆیە ھەلی کار زیاتر بووە و کرێکاران زیاتر کاریان دەست دەکەوێت و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت."
حیتۆ باسی لەوەش کرد: "پێشتر زیاتر ھەلی کار بۆ کرێکارە بیانییەکان دەرەخسا، بەڵام ئێستا ژمارەی کرێکارە بیانییەکان بۆ نیوە کەمی کردووە و کۆمپانیاکان زیاتر ھەلی کار بۆ کرێکارە ناوخۆییەکان دەڕەخسێنن، کە ئەمەش کارێکی زۆر باشە، لەبەر ئەوەی پێشتر خەڵکی ئێمە زیاتر چاویان لە دامەزراندن بوو، ئێستا لە کەرتی تایبەت کار دەکەن."
بە پێی دواین ڕوپێو کە دەستەی ئاماری ھەرێم بە ھاوکاریی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامی داوە، دەرکەوتووە لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان ١٣.٥% بووە، بەڵام ئێستا بۆ ١٠.٢% دابەزیوە، ئەمەش بە ھۆی باشتربوونی دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان و ئەو چاکسازییانەی حکوومەت بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری ئەنجامی داون، چونکە لە عێراق بە پێی دواین ئامار ڕێژەی بیکاری زیاتر لە ٢٤%.ـە.
د. شرین حوسنی، ئەندامی لیژنەی داراییی پەرلەمانی کوردستانیش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان ئێستا زۆر باش بووە و ھەموو سێکتەرەکان جارێکی دیکە دەستیان بە کار کردووەتەوە، چونکە پێشتر بە ھۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی و ھاتنی ئاوارەکانەوە ھەرێم تووشی قەیرانێکی گەورە بووبوو، بەڵام بە ھەوڵی حکوومەتی ھەرێم ئەو دۆخە تێپەرێندراوە و ئێستا دۆخی ئابووری زۆر باشتر بووە و باشتریش دەبێت."
د. شرین حوسینی ئەوەیشی خستە ڕوو: "کۆمپانیاکان دەستیان بە کار کردووەتەوە و کۆمپانیا بیانییەکانیش کە لە ھەرێم نەمابوون دەگەڕێنەوە بۆ ھەرێم، ئەمە ھەمووی وا دەکات پرۆژەی گەورە ئەنجام بدرێت و دەبێتە دەرفەتێکی باش بۆ کرێکاران بۆ ئەوەی ھەلی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێت، چونکە چەندە پڕۆژە ئەنجام بدرێت، ھەلی کاریش ھێندە زیاتر دەبێت، بۆیە ھەموو ئاماژەکان دڵخۆشکەرن بۆ ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی ھەرێمی کوردستان بەرەو باشتر بچێت."
kdp-
