سەرۆک بارزانی لەگەڵ کەسایەتی و پیاماقوڵان و کادیرانی سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک.گەرمیان کۆبۆوە
سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند وەک هەمیشە باوەڕمان وایە کەرکووک دەبێ نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتنەکانی بێت و پێویستە دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی مادەی ١٤٠ـی دەستوور چارەسەر بکرێت و نابێت داگیرکردنی کەرکووک ببێتە ئەمری واقع.
ئەو وتانەی سەرۆک بارزانی لە دیدارێکدا هات کە ڕۆژی یەکشەممە ١٦ـی ئەیلوولـی٢٠١٨ لە سەلاحەدین لەگەڵ کەسایەتی و پیاماقوڵان و کادیرانی لقەکانی سنووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک – گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێوەچوو.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر و پێشێلكارییە دەستوورییەكانی حكوومەتی عێراقی لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بڕیاری گەلی كوردستان لە ڕیفراندۆم و هەروەها ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆم و پێشێلکارییەکانی بەغدا لەدژی گەلی كوردستان شی كردەوە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە ناوچەی گەرمیان پشکی شێری لە قوربانیدانەکانی گەلەکەمان بەرکەوتووە و بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، خوشک و براکانمان لەو ناوچەیە ڕووبەڕووی ئازار و ئەشکەنجە و زوڵمی زۆر بوونەتەوە. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئێمە پێشتریش چەندینجار ڕامانگەیاندووە کە پێویستە کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و لەڕووی بەڕێوەبردنەوە کورد زۆر بەخشندە بێت و لەپشکەکانی خۆشی بداتە پێکهاتەکانی دیکە، ئێستاش جەخت لەسەر ئەو بڕوایەمان دەکەینەوە کە کەرکووک شاری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی هەموو پێکهاتەکانە، بەڵام هیچ سازشێک لەسەر ناسنامەی کوردستانیبوونی کەرکووک ناکەین و پێویستە دۆخی ئێستای کەرکووک و دەوروبەری و ناوچەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەپێی مادەی ١٤٠ـی دەستوور ئاسایی بکرێتەوە و نابێت داگیرکردنی کەرکووک ببێتە ئەمری واقع.
هەروەها لەسەر دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق و هەڵبژاردنەکانی مانگی ئایاری ئەمساڵ بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆک بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی دا و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەرچی ناحەزان پێیان وابوو پارتی دیموكراتی كوردستان لەژێر گوشاری جۆراوجۆری ئابووری و سیاسیدایە و شکست دەهێنێت، بەڵام بەهیممەتی جەماوەری گەلەکەمان، پارتی توانی دەنگی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستان و عێراقدا مسۆگەر بكات و ببێتە حزبی یەکەم لەسەر ئاستی عێراق. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە ئەوانەی زوڵم ناهەقییان بەرنابەر گەلەکەمان کرد، زۆر هەوڵیان دا ڕق و کینە بخەنە دڵی هاووڵاتیانی عێراق، بەڵام ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەریخست کە هاووڵاتییانی عێراق ئەو دەموچاو و كەسایەتییانەی سزا دا كە كرداری نادەستوورییان لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجامدا بوو
kdp-
