نەورۆز مەولوود: شەقامی 150 مەتری هەولێر بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە پارتی رۆڵی سەرەكیی هەبووە لە پێكهێنانی و سەركردایەتیی دەكات، هەوڵی داوە زۆرترین خزمەتگوزاری بگەیێنێتە هاووڵاتیان لە سەرانسەری هەرێم بە یەكسانی و بە بێ جیاوازی، بۆ ئەو مەبەستەیش بودجە بۆ هەموو پارێزگاكان بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووانیان ڕەوانە كراوە. واتە حكوومەتی هەرێمی كوردستان (بە پێچەوانەی ئەو بوختانانەی هەندێك لایەن بۆی هەڵدەبەستن)، بە یەكسانی گرینگی و بایەخی بە سەرانسەری هەرێم داوە لە هەر چوار پارێزگادا، بەڵام كاتێك تێبینی دەكرێت هەولێر و دهۆك خزمەتگوزاریی زۆرتریان بۆ كراوە، هۆیەكەی ئەوە بووە كە دەسەڵاتی خۆجێیی ئەوێ كە بە دەست پارتییەوەیە، زۆرتر خەمی هاووڵاتیانیانی بووە و بودجەكەیان بە دروستی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان خەرج كردووە، لەمەدا حكوومەتی هەرێم و وەزارەتەكان هیچ گوناهێكیان نییە".
مەولوود، ڕوونیشی كردەوە: "دەست و پەنجەی حكوومەتی هەرێم كە پارتی رۆڵی سەرەكیی تێدا دەبینێت، لە ئاوەدانكردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان لە سەرتاسەری هەرێمدا زۆر ڕوون و ئاشكرایە، هەرچەندە دووچاری زۆر قەیرانی گەورەی وەك (بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە و، شەڕی داعش و، دابەزینی نرخی نەوت و، دواتر گەمارۆی وڵاتانی دراوسێ) بووین، بەڵام حكوومەت بە خۆڕاگری و بە سیاسەتێكی تەندروست، هەموو قەیرانەكانی تێپەڕاند بە كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی گەورەوە."
بۆ هەڵبژاردنی خولی پینجەمی پەرلەمانی كوردستان پارتی كارنامەیەكی 10خاڵیی ئامادە كردووە و یەكێك لە خاڵە گرینگەكان (خزمەتگوزارییەكانی ژێرخان)ـە. پێوەست بە كاركردنی حكوومهتیش لەم بوارەدا، نەورۆز مەولوود رایگەیاند: " سەرەڕای هەبوونی قەیرانی دارایی و پاڵەپەستۆی ئاوارەكان و هەبوونی شەڕی داعش، بهڵام چەندین پڕۆژەی ستراتیژییش ئەنجام دران، بۆ نموونە (پڕۆژەی چاكسازیكردن لەناو وەزارەتی شارەوانی و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات، پڕۆژەی شەقامی 120 مەتری لە شاری هەولێر و، پڕۆژەی ئاوی ئامێدی و، پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە و، پڕۆژەی ئاوی دەربەندیخان كە لە واری جێبەجێكردندایە، پڕۆژەی جووتسایدی دهۆك – زاخۆ، پڕۆژەی تونێلی زاخۆ، پڕۆژەی فراوانكردنی تۆڕی ئاو، شەقامی 150 مەتری لە هەولێر كە بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها لە گوتووێژێكی چڕداین لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی). ئەمانە و سەدان پڕۆژەی تر دەرخەری ئەو ڕاستییەن كە حكوومەتی هەرێم، سیاسەت و ستراتیژییەتێكی سەركەوتووی هەبووە لە ئیدارەدانی ئەو هەرێمەدا. خەڵكیش زۆر چاوكراوەن و جێدەستی پارتی بەم هەرێمەوە دەبینن، بۆیە وەكچۆن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا دەنگیان بە پارتی دا و، پارتی سەركەوتنی گەورەی بە دەست هێنا و بوو بە حزبی یەكەم لەسەر ئاستی كوردستاندا، هەر ئاواش هاووڵاتیان بەرهەم و جێدەستی خزمەتگوزاریی پارتی دەبینن و دەنگەكانی پارتی زیاتر دەبن".
بە گوێرەی داتاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە جەژنی قوربانی ساڵی 2016ـدا، (211) هەزار گەشتیار بۆ هەرێم هاتوون و، كۆی خەرجیی گەشتیارەكان لە بازاڕەكانی هەرێم (63.3) ملیۆن دۆلار بووە. بەڵام لە ساڵی 2018ـدا ڕێژەكە زۆر زیادی كردووە و، (349) هەزار گەشتیار سەردانی شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمیان كردووە و، كۆی خەرجی گەشتیارەكانیش لە بازاڕەكانی هەرێم، (121.6) ملیۆن دۆلار بووە.
نەورۆز مەولوود ئاماژەیشی دا: "حكوومەتی هەرێم جیا لە نەوت، هەوڵی داوە داهات لە كەرتی گەشتوگوزار و داهاتی تری ناوخۆیی بەدەست بێنێت، لەم چوارچێوەیەیشدا ساڵی 2016 گەورەترین كۆنفڕانسی گەشتوگوزاری ئەنجام دا و، تواندرا (70) گرێبەست واژۆ بكرێت و كەرتی گەشتوگوزار بەرەوێش ببرێت و داهاتی گەشتیاری سوودی زیاتر بە هاووڵاتیان و حكوومەت بگەیەنێت، ئەمەیش تەنیا قسە نییە و داتاكان ئەم ڕاستییە دەردەخەن و لە 2016ـوە ساڵانە رێژەی هاتنی گەشتیاران زۆر ڕووی لە زیادبوون كردووە."
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راشیگەیاند: "دروشمی هەڵبژاردنی پارتی، بەرەو كوردستانێكی بەهێزە، بەهێز لە پڕۆژە و بەرهەم و بەهێز لە بووژانەوەدا، بەهێز لە ئابووری و، بەهێز لە سەربازی و ئاساییش، بەهێز لە خزمەتگوزاری، بۆیە بە سەركەوتنی پارتی، پڕۆژە و بەرهەمی زۆر گەورە بۆ كوردستان ئەنجام دەدرێن، لەوانە: چارەكردنی 100%ـی كێشەی ئاو لە تەواوی هەرێم، پڕۆژەی ترام، بەهایوەیكردنی ڕێگای نێوان شارەكان، هاندانی زیاتری كەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی كار و ...هتد."
KDP
