ساڵی داھاتوو پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەست پێ دەکاتەوە
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی دارایی بە (باس) دراون، لە گفتوگۆکانی داڕشتنی بودجەی ٢٠١٩دا، بڕیاری ئەوە دراوە، لە ساڵی داھاتوودا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی شارستانی دەکرێتەوە. ئەنجومەنی وەزیرانیش رەزامەندیی لەسەر بابەتەکە داوە و لە ١ی ١ی ٢٠١٩ەوە جێبەجێ دەکرێت.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی چەند ساڵێک بەسەر شایستەبوونی پلەبەرزکردنەوەیان تێپەڕیوە، میکانزمی تایبەت دادەندرێت و ھەوڵ دەدرێت، مافی کەس نەخورێت.
سەرچاوەکە روونی کردەوە، لە ١ی ١ی ٢٠١٦ەوە پلەبەرزکردنەوە راگیراوە، گوتیشی: ”لەو کاتەوە ھەر پلەبەرزکردنەوەیەک بۆ فەرمانبەران کرابێت، ئەوە لە لایەن دارایی بە ھەڵوەشاوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ھەر پارەیەکیشی بۆ خەرج کرابێت، لێی وەردەگیرێتەوە“.
بەپێی بەدواداچوونی (باس)، نزیکەی ٥٠٠ ھەزار فەرمانبەر لە پلەبەرزکردنەوە سوودمەند دەبن، بۆ ئەوەش پێویستی بە ٣ ملیار دینار دەبێت.
وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان پێی وایە: «پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر بنەماکانی ئەحکامی یاسای راژەی شارستانی، ھیچ پلە بەرزکردنەوەیەک بۆ فەرمانبەرانی پلە وەزیفییە گشتییەکان لە ھەرێم تا پەسندکردنی بودجەی حکوومەتی ھەرێم ئەنجام نادرێت».
بەپێی زانیارییەکان، قەبڵاندنی پارەی بەرزەمووچەی فەرمانبەران لە ساڵێکدا نزیکەی یەک ملیار دینارە.
جەلال شێخ کەریم، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بە (باس)ی راگەیاند، تەنیا فەرمانبەرانی شارستانی پلەبەرزکردنەوەیان راگیراوە، گوتی: ”بڕیارەکە ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی نەگرتووەتەوە، لە مانگی رابردوودا فەرمان بۆ پلەبەرزکردنەوەی ٤٠٠ کەس دەرچووە“.
پێشووتر فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند: «راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران پەیوەندیی بە بودجەوە نییە، بەڵکوو بەھۆی بارودۆخی قەیرانی دارایی حکوومەت ئەو بڕیارەی داوە، ئێستا دەبێ بە بڕیاری حکوومەت بکرێتەوە».
ساڵانە بەشێک لە فەرمانبەران پلەکانیان بۆ بەرز دەکرێتەوە، کە ھەندێکیان ٤ ساڵ جارێکە و بەشێکی تریشیان ٥ ساڵ جارێکە، کە بەھۆیەوە ناونیشانی وەزیفییان دەگۆڕدرێت و مووچەکانیشیان بۆ زیاد دەکرێت.
ھۆشەنگ شێخ محەمەد، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ئێستا تەنیا سەرمووچە بۆ فەرمانبەران دەکرێت و پلەبەرزکردنەوە وەستاوە، گوتی: «لە بودجەی پەسندکراو لە ساڵی داھاتوودا پلە بەرزکردنەوە دەکرێتەوە».
باسنیوز
