بەرپرسێکی گۆڕان: حزبێک ئەوانە داڵدە دەدا کە پەلاماری ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەدەن

 بەرپرسێکی گۆڕان: حزبێک ئەوانە داڵدە دەدا کە پەلاماری ھێزە ئەمنییەکانی سلێمانی دەدەن
بڕیاردەی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە لەسەر پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە، ئاماژە بە ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی سلێمانی دەکات و ئاشکرای کرد، ئەوانەی ھێرش دەکەنە سەر ھێزە ئەمنییەکان، سەر بە گرووپ و تاقم و بەرپرسانی حزبین.

محەمەد شێخ وەھاب، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و بڕیاردەی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش ڕایگەیاند: "ئەوە چەندین جارە کۆمەڵێک چەکداری نەناسراو پەلاماری ھێزە ئەمنییەکان دەدەن، لە کاتێکدا بەپێی یاسا ئەوە بە ھەموو شێوەیەک قەدەغەیە و نابێ لە کاتی دەوامی فەرمیدا ھیچ کەس و لایەنێک بەو شێوەیە پەلاماری ھێزە ئەمنییەکان بدات، بە پێچەوانەوە دەبێ ھەموومان لەپێناو پاراستنی دۆخی ئەمنیی پارێزگای سلێمانی، ڕێز لە برایانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی ھاتوچۆ بگرین، بەڵام بەداخەوە چەندین جارە ئەو حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە".

ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ئەو کەسانەی پەلاماری ھێزە ئەمنییەکان دەدەن، پێویستە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، ھەروەھا ”نابێ ھیچ کەسێک لەسەرووی یاساوە بێت، چونکە ھێزە ئەمنییەکان پارێزگاری لە سەر و ماڵی ھاووڵاتییان دەکەن و بەپێی یاسا ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە مامەڵەیەکی ناشارستانی لەگەڵ ھێزە ئەمنییەکاندا بکات".

ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئەوەشی ئاشکرا کرد: "ئەو کەسانەی پەلاماری ھێزە ئەمنییەکان دەدەن، ئەگەر حزبێک داڵدەیان نەدات، ھیچ کەسێک ناتوانێ ئەو کارە بکات، ئەگەر ھاووڵاتییەکی بێ پشت و پەنا پەلاماری ھێزی ئەمنی بدات، لە ماوەیەکی نزیکدا دەستگیر دەکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە سەر بە گرووپ و تاقم و کۆمەڵێک بەرپرسی حزبین، بۆیە ئەو حاڵەتانە دووبارە دەبنەوە".

محەمەد شێخ وەھاب پێیوایە، ”داواکاری گشتی کەمتەرخەمە“ لەو ڕووداوانە و بەپێویستی زانی ھەڵوێستی خۆی ھەبێت، چونکە ”ناکرێ کۆمەڵێک گرووپ و تاقم کە حزب داڵدەیان دەدات، پەلاماری پۆلیستی ھاتوچۆ بدەن، بۆیە پێویستە ڕێگە لەو حاڵەتانە بگیرێت و قبووڵ نەکرێت چیتر ئەو کەسانە پەلاماری ھێزە ئەمنییەکان بدەن".

پێشتر بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی ڕووداوی تەقەکردنەکە شاقامی سالم (سەھۆڵەکە) بڵاو کردەوە و ڕای گەیاند: "شەوی ڕابردوو ئۆتۆمبێلێک کە کۆمەڵێک چەکداری تێدا بووە، لەگەڵ مەفرەزەیەکی پۆلیسی ھاتوچۆ بووەتە شەڕیان، دواتر ھێزە تایبەتەکەی سلێمانی بە ھانایانەوە چوون و دواتر تۆمەتبارەکان ھەڵھاتوون".

جگە لە ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو، لە مانگی تەمووزیشدا، هێزێکی سەر بە لاهوور جەنگی، پەلاماری هێزە ڕەشەکەی سلێمانییان دا کە بۆ گەڕان و پشکنین بەدوای چەکی دەستیی هاووڵاتییان پێکهێندرابوون و هێزە ڕەشەکەیان چەک کرد.










باسنیوز
Top