عەبدولسەلام بەرواری: پارتی سەلماندییەوە کە کۆدەنگیی کوردستانی دەوێت

عەبدولسەلام بەرواری: پارتی سەلماندییەوە کە کۆدەنگیی کوردستانی دەوێت
سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ لایەنە سیاسییەکان بە ھەنگاوێکی ئەرێنی پێناسە دەکرێت و شرۆڤەکارێکی سیاسیش ئاشکرای کرد، لەو کاتەی ھەندێ لایەنی کوردستانی لە ناخۆشترین ھەڵوێستدا بوونە بەرامبەر بە پارتی، کەچی پارتی ھەر بیری لای چارەکردنی پرسەکان و بەرژەوەندیی میللەت بووە.

چەند ڕۆژێکە پارتی ھەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ ئەوەی کۆدەنگییەکی کوردستانی لەبارەی کۆی پرسە نێوخۆییەکان بە ئاراستەی ڕێکخستنی نێوماڵی کورد دروست بکرێت. لەو بارەیەوە، عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕێگەی پارتی ئاشکرایە و لە خراپترین ھەڵوێستی ھەندێ لایەنی سیاسیدا پارتی بەردەوام یەکھەڵوێستیی کوردانی لەبەرچاو بووە، بەتایبەتی لایەنە کوردەکان لە بەغدا دەست لە بەرژەوەندیی حزبی ھەڵگرن و بە دوای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانیی خەڵکی کوردستانەوە بن، دیارە ئەو لایەنانە پێیان وابوو پارتی بەبێ پرسی ئەوان لەگەڵ بەغدا دەگاتە ڕێککەوتن، بەڵام پارتی پێی وایە تا کورد یەکگرتوو بێت لە بەغدا پێویستی بە کۆدەنگیی ھەموو لایەنەکان ھەیە بەبێ فەرامۆشکردنی ھیچ لایەنێک."

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی کوتلەی ھەرە گەورەی کوردە لە بەغدا، بەڵام پارتی چەندە بەھێز بێت لە بەغدا ھەموو لایەنەکانی دیکەش بە ھەمان شێوە بەھێز دەبن، بەپێچەوانەوە لاوازبوونی پارتی لاوازبوونی ئەوانی دیکەشە."

عەبدولسەلام بەرواری پێی وایە، پارتی دیموکرات بە ھۆی بەھێزیی پێگەی جەماوەری و ژمارەی کۆرسییەکانییەوە بەراورد بە لایەنە بەھێزەکانی عێراق بووەتە ژمارەیەک لەسەر ئاستی ناوچەکە نەک تەنیا عێراق و ھەرێمی کوردستان و دەشڵێت: "سەردانی شاندی باڵای پارتی بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان ھەنگاوێکی دیپلۆماسیی ئەرێنییە، ھەتا ئەو دیوارە دەروونییەی پێشتر دژی پارتی دروست کرابوو نەمێنێت و پێکەوە بەرەو چارەکردنی کێشەکان بچین."
kdp-
Top