قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی ڕێکخراوێکی ئەمریکی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی بەکار دەهێنێ

 قوباد تاڵەبانی پڕۆژەی ڕێکخراوێکی ئەمریکی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی بەکار دەهێنێ
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی ڕێکخراوێکی ئەمریکی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت، لە کاتێکدا حزبەکەی هەموو هەوڵێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دەدات.

رۆژی ٢٨ی ئابی ٢٠١٨، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەو جموجۆڵەی کە دوای کاندیدکردنی وەک سەرۆکی لیستی یەکێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کردووە، پڕۆژەی (خزمەت)ی ڕاگەیاند و دواتر میدیاکانی حزبەکەی بانگەشەیەکی زۆریان بۆ قوباد تاڵەبانی، لە پاڵ پرۆژەکەدا کرد.

پڕۆژەکە لە بنەڕەتدا پڕۆژەی قوباد تاڵەبانی نییە، بەڵکوو پڕۆژەی رێکخراوێکی ئەمریکی بووە و قوباد تاڵەبانی لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕاسپێردراوە تاوەکوو هەماهەنگیی جێبەجێکردنی بکات، بەڵام لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا، قوباد تاڵەبانی پەلەپەلی تێدا کردووە و پێش ئەوەی پڕۆژەکە بە تەواوەتی ئامادە بکرێت، وەک بەشێک لە بانگەشەکانی، ڕای گەیاندووە.

لەمبارەیەوە سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: "ئەو پڕۆژەیە، پڕۆژەی حکوومەتە و بە ھاوکاریی ڕێکخراوی (USAID) ئەنجام دراوە“.

ڕوونیشی کردەوە کە قوباد تاڵەبانی وەک جێگری سەرۆکی حکوومەت، سەرپەرشتیی پڕۆژەکە دەکات و ”بەو سیفەتەش ڕاگەیەندراوە".

لەبارەی باسکردنی پڕۆژەکەش وەک دەستکەوتی کارەکانی قوباد تاڵەبانی، سەفین دزەیی ڕای گەیاند: ”ئەو پڕۆژەیە دەستکەوتە بۆ خزمەت و بەرژەوەندیی ھاووڵاتییان و نیشتمان، بۆیە تەنیا وەک دەستکەوتی حکوومەت و کابینەی ھەشت ناو ھێنانی ئاساییە".

پێشتر کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، لە ڕێگەی پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، لە سەر زاری ستیف فاگین، کونسوڵی گشتییەوە بڵاوی کردەوە کە پڕۆژەکە ”وەکوو بەشێک لە هەوڵە بەردەوامەکانمان لە لەڕێی پڕۆگرامی ئاستی بەڕێوەبردن و ھەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە پڕۆسەی حکومڕانی لە عێراق (IGPA) بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چاکسازیکردن لە خزمەتگوزارییە گشتییەکان" ئەنجام دراوە.










باسنيوز
Top