دەست بە دابینكردنی خزمەتگوزاری یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش كرا

 	 دەست بە دابینكردنی خزمەتگوزاری یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش كرا
گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، بە هۆی قەیرانی داراییەوە، كاركردن لە ئامادەكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش ڕاگیرابوو، بەڵام ئێستا دەستی پێ كردووەتەوە و هەر كاتێك ئامادە بوون، دەست بە دابەشكردنیان دەكەن.

ماوەیەكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە یەكەی نیشتەجێبوون یاخود زەوی بەسەر سەرجەم كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەش بكرێت و، لە ئێستادا ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنیان بكرێت.

پێوەست بە كاتی دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بەسەر كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا، فوئاد عوسمان، گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە یەكەی نیشتەجێبوون یاخود زەوی بەسەر سەرجەم كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعشدا دابەش بكات، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان و ئاوەدانكردنەوە دروست كراوە و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە لە زۆرینەی ناوچەكانی هەولێر وسلێمانی و گەرمیان یەكەی نیشتەجێبوونی ئامادەیە و تەنیا ماوە خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكرێت كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو".

عوسمان گوتیشی: "لە ئێستادا دەست كراوە بە دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون و هەر كاتێك ئامادە بوون، دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت".

گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان، هەروەها باسی لەوەش كرد، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بەپێی ژمارەی شەهیدان و ناوچەكانیان یەكەی نیشتەجێبوون بە كەسوكاری شەهیدان دەدات، كە نزیكەی هەزار و 800 شەهید دەبن و لە هەر شوێنێكیش یەكەی نیشتەجێبوون نەبێت، زەوییان پێ دەدرێت.
kdp-
Top