عەلیاوەیی: ئەمڕۆ شاندی كوردی دەگاتە بەغدا.. زەحمەتە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان نیساب تەواو ببێت

عەلیاوەیی: ئەمڕۆ شاندی كوردی دەگاتە بەغدا.. زەحمەتە یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمان نیساب تەواو ببێت
راوێژكارێكی سەرۆككۆماری عێراق گوتی، ئەمڕۆ شاندی كورد دەگاتە بەغدا و تەنیا یەك رۆژیان لە بەردەمدایە بۆ گەیشتن بەرێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان و، لایەنەكانی دیكەش لەسەر هیچ پرسێك رێك نەكەوتوون، بۆیە رەنگە رێگە نەدرێت لە یەكەم دانیشتندا نیسابی یاسایی تەواو بێت.

سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، مەرسوومی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی لەبارەی دیاریكردنی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانەوە دەركردووە و، بڕیارە رۆژی دووشەممە یەكەم كۆبوونەوە ئەنجام بدرێت، دادگای فیدراڵیش بڕیاری داوە ناكرێت دانیشتنەكە بە كراوەیی بمێنێتەوە و پێویستە لە یەكەم دانیشتندا دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرێت.

سەبارەت بەوەی كە دەتواندرێت لە یەكەم كۆبوونەوەدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت، د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی، راوێژكاری سەرۆككۆماری عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەبەر ئەوەی كاتی كەم لە بەردەم لایەنەكاندا ماوە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەبارەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە، ئەستەمە لە یەكەم كۆبوونەوەدا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت و رەنگە كۆبوونەوە بە كراوەیی بمێنێتەوە، ئەویش لە رێگەی ئەوەی كە نیسابی یاسایی تەواو نەكرێت و كۆبوونەوەكە دوا بخرێت، چونكە ناكرێت بە بێ رێككەوتن دەستەی سەرۆكایەتی دیاری بكرێت".

لەبارەی چوونی شاندی كوردیش، عەلیاوەیی گوتی: "ئەمڕۆ شاندی كوردی دەگاتە بەغدا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكان و ئەوەی جێگەی پرسیارە تا چەند لە ماوەی یەك رۆژدا دەتوانن لەگەڵ لایەنەكان بگەنە رێككەوتن و دواتریش بگەڕێنەوە و پرس و ڕا بە سەركردایەتیی خۆیان بكەن، بۆیە ئەمەیش كاتی زیاتری پێویستە".

دەشڵێ: "لە هەمووی گرینگتر، ئەوەیە كە سەرەتا گەورەترین كوتلە دیاری بكرێت و هەر كاتێك ئەو كارە كرا، ئەو كات پرسەكانی دیكە بە ئاسانی یەكلا دەكرێنەوە".
kdp-
Top