نەوزاد ھادی: ھەرێم بەرەو دەرچوون لە قەیرانی دارایی دەچێت

 	 نەوزاد ھادی: ھەرێم بەرەو دەرچوون لە قەیرانی دارایی دەچێت
پارێزگاری ھەولێر ئاشکرای کرد، گەشەکردنی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق بەراورد ناکرێت، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە ھەرێمی کوردستان تووشی کێشە ھات. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەمساڵ زۆرترین چالاکیی مەدەنی لە ھەولێر ئەنجام دراون.



نەوزاد ھادی، پارێزگاری ھەولێر لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی لووتکەی گەنجاندا وتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ڕایگەیاند: "جیاوازییەکی زۆر ھەیە لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق لە ڕووی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنەوە، چونکە بەر لە ساڵی ٢٠١٤ و ھاتنی قەیرانی دارایی ڕێژەی بێکاری لە ھەرێمی کوردستان نەدەگەیشتە ٣%، بەڵام دوای قەیرانی دارایی ئەو ڕێژەیە بەرز بووەوە."



پارێزگاری ھەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، کە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان تێیدا ئامادە بوو، گوتی: "خواستێکی زۆر ھەیە لە لایەن ڕێکخراوەکانەوە بۆ بەرەوپێشچوونی ھەرێمی کوردستان لە زۆر ڕووەوە، تەنیا لە ساڵی ٢٠١٨ زۆرترین چالاکیی ڕێکخراوەکان لە ھەولێر ئەنجام دراوە، کە ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە گەنجان و ڕێکخراوەکان لەھەوڵدان بۆ کارکردن بەرەو پێشکەوتنی زیاتر."



نەوزاد ھادی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کار بۆ ڕەخساندنی ھەلی کار دەکات وەک بەر لە ساڵی ٢٠١٤ و قەیرانی دارایی، لەو پێناوەشدا ئێستا ھەرێمی کوردستان بەرەو دەرچوون لە قەیرانی دارایی دەچێت و قۆناغێکی نوێی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ھەموو ھەوڵێکیش دەدەین بۆ ئەوەی ھەولێر ببێتە نموونەی ناوچەکە و لە ھەموو بوارێکدا ھەنگاو بەرەو پێشخستنی هەڵدێنینەوە."
kdp-
Top