عەشیرەتەکانی نەینەوا: هیچ هێزێک لە دەشتی نەینەوا بەبێ ئاگاداریی هەولێر دروست ناکرێت
رۆژی شەمە 1/9/2018، شێخ موزاحیم ئەلحوێت، گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ناڕەزایی عەشیرەتەکانیان لە دژی پێک هێنانی هەر هێزێک لە ناوچەکانیان، گەیاندووەتە ئەمریکا.
شێخ موزاحیم ئەلحوێت هەروەها رایگەیاندووە، کە هەر هێزێک لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەبێ رەزامەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکرێ، ئەوا میلیشیایە و ئامانج لێی دروستکردنی ئاژاوەگێڕییە.
گوتەبێژی عەشیرەتە عەرەبییەکانی پارێزگای نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەمریکا لە وەڵامی ناڕەزاییەکانی ئەوان رایگەیاندووە، لە ناوچە کوردستانییەکان هیچ هێزێک بەبێ رەزامەندیی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دروست ناکرێت و ئەگەر دروستیش بکرێ، بە میلیشیا دەناسێندرێت.
پێشتر ژمارەیەک کەسایەتیی ناوچە جیاوازەکانی مووسڵ نیازی خۆیان بۆ دروستکردنی هێزێکی هاوشێوەی میلیشیاکانی حەشدیشەعبی دەربڕی بوو.
