له دهۆک دەست بە جێبەجێکردنی 300 پرۆژە دەکرێتەوە

له دهۆک دەست بە جێبەجێکردنی 300 پرۆژە دەکرێتەوە
لە سنووری پارێزگای دهۆک، دەست بە جێبەجێکردنی 300 پرۆژەی خزمەتگوزاری دەکرێتەوە.



پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی بە وەزارەت و پارێزگاکان کردبوو، کە دەست بە جێبەجێکردنی پرۆژە تەواو نەکراوەکان بکەنەوە و هەر بەڵێندەرێکیش پرۆژەکەی جێبەجێ نەکات، ئەوا مۆڵەتی کارکردنی لێ وەردەگیرێتەوە.



عوسمان ئیتۆتی، جێگری پارێزگاری دهۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاندووە، کە بڕیاری دەست پێ کردنەوەی 300 پرۆژە لە دهۆک دراوە و بەشێکیان دەستیان پێ کردووەتەوە و بەشێکیش جاوەڕێی گەیشتنی پارە دەکەن.



جێگری پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش داوە، کە ئەو پرۆژانەی لەسەر داهاتی وەزارەتەکان ئەنجام دەدرێن، دەستیان پێ کراوەتەوە.



لە ساڵی 2013ـەوە بەهۆی بڕینی بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەلایە حکوومەتی عێراقییەوە و شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014ـەوە، هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی سەختی دارایی بوو.



بەهۆی ئەو قەیرانەوە، حکوومەت پارەدارکردنی پرۆژەکانی راگرت و ئێستاش لەگەڵ باشتربوونی دۆخی ئابووریی کوردستان، حکوومەت بڕیاری دەستپێکردنەوەی پرۆژەکانی داوە.






باسنيوز
Top