کۆمسیۆن: 42 هەزار کەس چاودێریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
شێروان زرار، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕاگەیاند: "نزیكەی 100 هەزار كەس خۆی بۆ چاودێریی سەر سندووقەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تۆمار كردووە كە بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە بەڕێوە بچیت".
گوتیشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە پێویستمان بە نزیكەی 42 هەزار چاودێر هەیە، بۆیە بەنیازین سبەی یەكشەممە كاتژمێر 10 ی بەیانی، تیروپشك بۆ ئەوانەی ناوی خۆیان تۆمار كردووە ئەنجام بدەین و دواتر لەڕێی كردنەوەی خولێكی چەند ڕۆژە بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن ئامادەیان دەكەین.
گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی ڕوونیشی كردەوە دڵنیایی دەدەینە لایەنە سیاسییەكان ئێمە ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنین، ئەو لایانانەش كە بە بیانووی ناتەواویی تۆماری دەنگدەران نیەتی دواخستنی هەڵبژاردنیان هەیە، دەتوانن ڕەخنەی خۆیان لە ئێمە و لایەنی پەیوەندیدار بگرن بۆ ئەوەی كاری پێویستی لەسەر بكەین، هەروەك كاریشمان لەسەر زۆرێك ئەو ڕەخنانە كردووە".
بڕیارە ڕێکەوتی 2018/9/30 پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت و بەپێی زانیارییەکان لایەنەکان خۆیان ئامادە کردووە و کۆمسیۆنیش 95%ی کارەکانی بەڕێوەبردنی پرۆسەکەی ڕاپەڕاندووە.
باسنيوز
