فڕۆکەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان بۆردووماندەکەن
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ فڕۆکەکانی تورکیا چەند ناوچەیەکیان لە سنووری برادۆست بۆردوومانکردوون، لەوانەش شۆشنە، گەرووی کەوەرت، چیادێل، خواکوڕک و گەلی رەش.
کاروان عەلی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی سوپای تورکیا زیاتر لە هەشت جار ناوچەکانی سنووری هەردوو قەزاکانی ئامێدی و شێخانی لە دهۆک بۆردوومانکردوون.
لە کاژێر 15:00ـی ئەمڕۆوە فڕۆکەکانی تورکیا ناوچەی چەمی مێشوویان لە دەوروبەری گوندەکە کە سەر بە دەڤەری نێروە و رێکان لە ئامێدی کردووەتە ئامانج. هەروەها بۆردوومانی سنووری شارۆچکەی کانیماسی-یان لە دەڤەری بەرواوی باڵا کردووە.
ئەو شایەتحاڵە دەشڵێت، هەر ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار دەوروبەری گوندی رەبەتکێ لە سنووری قەزای شێخان بۆردوومانکراوە.
سەرۆکایەتیی سوپاسالاری تورکیاش رایگەیاند "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی سوپای تورکیا لە ناوچەکانی زاپ، گارە و خواکوڕک 19 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گیانیانلەدەستداوە". بەڵام تاوەکو ئێستا پەکەکە هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی گیانلەدەستدانی ئەو 19 گەریلایەی نەداوە.
هاوکات ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، گەریلاکانی هەپەگە لە گردی لێلکان لە برادۆست لە دوو قۆڵەوە لە دژی سوپای تورکیا چالاکییان ئەنجامداوە و بەهۆیەوە چەند سەربازێکی سوپای تورکیا کوژران و برینداربوون.
هەپەگە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، رۆژی چوارشەممە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوچەکانی دەوروبەری گوندی گوزەی سەر بە گارەیان بۆردوومانکردووە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا هیچ زیانێک بەر گەریلاکان نەکەوتووە.
rudaw -
