نهێنییەكی گەورەی پەكەكە ئاشكرا دەبێت

نهێنییەكی گەورەی پەكەكە ئاشكرا دەبێت



نووسەرێكی كورد نهێنییەكی گەورەی پەكەكەی ئاشكرا كردووە و رایگەیاند دوای بەدواداچوونێك بۆی دەركەوتووە ئەو حزبە ئەرشیفی خۆی دەشارێتەوە، ئەمەش بەهۆی یەكنەگرتنەوە و بێ سەروبەری لە گوتار و دروشم و سیاسەتەكانی حزبەكە.


هۆشەنگ ئەوسی نووسەری كورد لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك)دا بابەتێكی بەناونیشانی "ئەوە چ حزبێكە لەوە دەترسێ خەڵك بەنێو ئەرشیفیدا بگەڕێ؟" نووسیوە و دەڵێ "پێش ماوەیەك وتاری رەخنەییم دەنووسی لەبارەی ئاست و رەفتارەكانی پەكەكە، بۆ ئەوەی وتارەكانیشم تەنها ڕای خۆم نەبن، بۆ ئەرشیفی پەكەكە دەگەڕامەوە و بەتایبەتیش پشتم بەئەرشیفی رۆژنامەی (سەرخۆبوون)ی پەكەكە دەبەست، لە كاتی بەكارهێنانی زانیارییەكانیشدا نێوی وتار و لاپەڕە و ژمارە و مێژووی ئەو رۆژنامەیەم دەنووسی كە بەكارم دەهێنا، بەڵام بەم دواییە كە دەچیتە نێو ئەرشیفی رۆژنامەكە، دەبینی كار ناكات، بەڵكو ئەرشیفی رۆژنامەكە لە ساڵی 2013وە تاوەكو 2016 سڕاوەتەوە".


ئەوسی نووسیویەتی "شتێكی زۆر سەیرە و عەیبەیەكی گەورەیە حزبێك ئەرشیفی چوار ساڵی رۆژنامەی فەرمی خۆی بسڕێتەوە، ئەمە پێشینە و خاڵێكی ڕەشە دەچێتە سەر خاڵە رەشەكانی تری مێژووی پەكەكە".


نووسەرەكە دەپرسێ ئەو حزبەی لە ئەرشیفی چەند ساڵی نزیكی رابردووی خۆی بترسێ، كە لە ڕۆژنامەی خۆیدا پاكنووس كراوە ئینجا بڵاوكراوەتەوە، ئەوە دەبێ چ رووبدات ئەگەر بەئەرشیفی نهێنیەكانی پەكەكەدا بچیتەوە و بەڵگەنامە نهێنیەكانی لە دەزگا ئەمنیەكانی سووریا و عێراق و ئێران و توركیا و زۆر لە وڵاتانی تر دەربێنیتەوە؟


لە كۆتاییشدا نووسیویەتی "حزبێك لە ئەرشیفی رۆژنامەی خۆی بترسێ، چۆن دەتوانێ بەرگری لە پرسی ئازادی و ئازادیخوازی و رەخنە و رای ئازاد بكات؟ بەڵام ئەوان لەدەستیان چووە، من ئەرشیفی ئەو رۆژنامەیەم لە ساڵی 1982ەوە تاكو 2016 لای خۆم پاراستووە، كە دەكاتە 417 ژمارەی رۆژنامەی سەرخۆبوون.


نووسەر بۆ بەڵگە وێنەی ژمارەیەك لەو ئەرشیفە شاردرانەوەی لە فەیسبوكی خۆیدا بڵاوكردووەتەوە.

bas news-
Top