شەشۆ: بەغدا دەیەوێ شەڕ لە شنگال بەرپا بێت

شەشۆ: بەغدا دەیەوێ شەڕ لە شنگال بەرپا بێت
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزیدخان ڕایدەگەیێنێت، بە بڕیاری حكوومەتی عێراق، ئەنجامدەرانی كۆمەڵكوژیی ئێزدییان لە شنگال، جارێكی دیكە گەڕێندراونەتەوە ناوچەكە. دەشڵێت، بەغدا دەیەوێ جارێكی تر خوێن بڕژێت و شەڕ لە شنگال بەرپا بێت.

پێش چەند ڕۆژێك و بە بڕیارێكی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، چەندین خێزانی گوندێكی عەرەبەكان گەڕێندرانەوە گوندەكەیان، ئەمەیش ناڕەزایی شنگالییەكانی بە دوای خۆیدا هێنا و وەك شنگالییەكان دەڵێن، ئەوانەی هاتوونەتەوە، هەموویان هاوكاریی داعشیان كردووە و دەستیان بە خوێنی ئێزدییەكان سوورە.

پەیوەست بەمە، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "حكوومەتی عێراق هەموو ئەوانەی دەستیان لە كۆمەڵكوژیی ئێزدییاندا هەبووە، گەڕاندوونەتەوە شنگال و ئێستا لە گوندەكانیان نیشتەجێن، لە كاتێكدا هەموویشیان ئەوانە بوون كە هاوكاریی داعشیان كردووە".

شەشۆ، گوتیشی: "لەجیاتی ئەوەی حكوومەتی عێراق ئەوانە سزا بدات و ڕووبەرووی یاسایان بكاتەوە، كەچی گەڕاندوونییەتەوە شنگال، ئەمەش دەبێتە مەترسی لەسەر ناوچەكە و پێدەچێت شەڕێكی تر لە دەڤەرەكەدا ڕوو بدات".

ماوەیەكە حەشد لە شنگال دەستەڵاتی بە دەستە و وەك شنگالییەكان دەڵێن، دوای هاتنی حەشد بۆ ناوچەكە، چەندین پێشێلكاری ئەنجام دراون و بۆشایی ئەمنی لە ناوچەكەدا دروست بووە.

پێوه‌ست به‌و پرسه‌ش، قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگەیی شنگال به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "گەڕاندنەوەیان قابیلی قبووڵ نییە و ناكرێت ئەوانەی دەستیان لە كومەڵكوژیی ئیزدییاندا هەبووە و هاوكاریی داعشیان كردووە، بگەڕێنەوە شنگال".

شەشۆ، هەروەها ئاماژەیشی دا، دەبێ ئەوانەی هاوكاریی داعشیان كردووە، سزای خۆیان وەربگرن، گەڕانەوەیشیان دەبێتە مەترسی و سەرهەڵدانی شەڕێكی دیكە لە ناوچەكەدا.
kdp-
Top