مەحموود محەممەد: سەردانی لایەنەكانی دیكەیش دهكەین
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆتایی هات و، گوتەبێژی فەرمیی پارتیش لە پرێسكۆنفرانسێكدا خاڵەكانی ناو كۆبوونەوەكەی بۆ مێدیاكان ئاشكرا كرد، كە پەیوەست بووە بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لە لایەك، لە لایەكی دیكەیش هەوڵدانیان بۆ رێكخستنەوەی نێوماڵی كوردی بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لە پێناو وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد، لە پێكهێنانی كابیینەی نوێی حكوومەتی عێراقی فیدراڵدا.
مەحموود محەممەد، لە پرێسكۆنفرانسەكەدا رایگەیاند، ساڵی پار چەند لایەنێك داوای دواخستنی هەڵبژاردنیان كردووە، پارتیش لە پێناو یەكڕیزیدا داواكەی قبووڵ كرد و، دوو خولی پەرلەمانی درێژ كرایەوە، گوتیشی: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، بڕیار درا ٣٠ی٩ هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت".
گوتەبێژی فەرمیی پارتی، هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستانی لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردن خستە روو، كە ئەوان جەخت لەوە دەكەنەوە پێویستە پرۆسەكە لە وادەی خۆیدا بكرێت، چونكە لە رووی تەكنیكی و سیاسی و كۆمەڵاتییەوە هیچ كێشە و بەربەستێك بۆ دواخستنی نییە، لەسەر ئەوەش بەیانێكیان بڵاو كردووەتەوە، كە پێیان باشە لە وادەی خۆیدا بكرێت، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە، هەڵبژاردن بكرێت، كابینەیەكی نوێی حكوومەتی هەرێم دادەمەزرێت، بەوەش كەشێكی نوێ دروست دەبێت بۆ رەوینەوەی گومانەكان.
ئەو هەروەها باسی لە تەوەری دووەمی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی كرد، كە بریتی بووە لە چۆنیەتیی پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكوومەتی فیدراڵ و دانانی سەرۆكوەزیران و سەرۆككۆمار و سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتیشی: "لە رابردوودا هەوڵمان دا پێكەوە لەگەڵ لایەنەكان پڕۆژەیەك ئامادە بكەین، وەك یەكێتی و پارتی ئامادەمان كرد و داوایشمان لە لایەنەكانی دیكە كرد بەشدار بن، دیارە ئەوان پێیان باش نەبوو، ئێمە لە پێناو مافە دەستوورییەكاندا ئەو هەوڵەمان دا كە پێكەوە بین".
مەحموود محەممەد، ناوەڕۆكی پڕۆژە هاوبەشەكەیانی لەگەڵ یەكێتیدا روون كردەوە، كە لە هەرسێ خاڵی هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان، پێك هاتووە، كە پەیوەستە بە مافە دەستوورییەكان و نموونەی بە ماددەی ١٤٠ و هێزەكانی پێشمەرگە و بەشداریی راستەقینە لە كابینەی داهاتووی حكوومەتی عێراق، هێنایەوە.
ئەوەشی باس كرد، كە تا ئێستاش دەیانەوێت لیژنەیەكی هاوبەش دروست بكەن بۆ سەردانیكردنی بەغدا، ئەمەش بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنەكاندا، رەتیشی كردەوە، كە لەگەڵ هیچ كوتلەیەك رێك كەوتبن و، گوتیشی: "كام كوتلە لەگەڵ ئێمەدا گونجانی زیاتری هەبێت، لەگەڵ ئەودا رێك دەكەوین بۆ پێكهێنانی كابینەی داهاتوو".
ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە ئەوان دەیانەوێت كوتلەیەك دروست بێت خاوەنی نیزامی داخلی خۆی بێت، لەسەر پەیڕەوەكە رێك بكەون، دواتر بچنە سەر ئەوەی لە داهاتوودا حكوومەت چ پڕۆژەیەكی هەبێت.
لە كۆتاییشدا گوتی: "ئێمە هەوڵ دەدەین سەردانی لایەنەكانی دیكەیش بكەین، ئەمەش لە پێناو رێكخستن و یەكڕیزیی ناوماڵی كورددا".
kdp-
