یەکگرتوو؛ هەوڵدەدرێ شەش لایەنی کوردستانی حەفتەی دابێ کۆببنەوە
ڕۆژانە چەندین کۆبوونەوە لە نێوان لایەنەکانی کوردستان لە لایەک و لە لایەنەکانی کورد و شیعە و سوننە لە لایەکی دیکەوە بەڕێوە دەچن بۆ دروستکردنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی. فەرھاد مەلا ساڵح، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە، لە کاتی سەردانی شاندی باڵای پارتی و یەکێتی بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە کورد بەرامبەر بەغدا یەکدەنگ بێت.
کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "ئێستا سوننە بوونەتە دوو بەرە و عەرەبی شیعەش دوو بەرە، بەڵام دووبەرەییی کورد خزمەت بە میللەتی ئێمە ناکات و دەبێ یەکگرتوو بین و یەک بەرنامەمان ھەبێت."
فەرھاد مەلا ساڵح گوتیشی: "ھەوڵی زۆر ھەیە لە حەفتەی دابێ شەش لایەنی کوردستان بۆ ئامادەکردنی بەرنامەیەک بۆ بەغدا کۆبوونەوەیەکی ھاوبەش ئەنجام بدەن، باسمان لەوە کردووە ئەگەر ئێمە وەک کورد بە یەک شاندیش نەچینە بەغدا، دەبێ بە یەک بەرنامە بچین."
فەرھاد مەلا ساڵح ئەوەی خستە ڕوو: "بە لای یەکگرتووی ئیسلامییەوە گرنگە بەر لەوەی حکوومەتی نوێی عێراق ڕابگەیەندرێت مافە دەستووری و یاساییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بچەسپێندرێن، تا حکوومەتی ئایندەی عێراق لە چوارساڵی داھاتوودا خەڵکی کوردستان سزا نەدات، وەک پێشتر دەسەڵاتدارانی عێراق کردوویانە، بەتایبەتی پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و ھەموو ئەو مافانەی ھەمانن لە بەغدا."
kdp-
