سلێمانی بە ”پایتەختی دارایی پەکەکە“ ھەژمار دەکرێ
رۆژی پێنجشەممە ٣٠/٨/٢٠١٨، رۆژنامەی (ئەلعەرەبی جەدید)ی قەتەری لە راپۆرتێکدا، لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە حەیدەر عەبادیی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بڵاوی کردووەتەوە، کە بەغدا و ئەنقەرە بۆ کۆتایی ھێنان بە ناکۆکییەکانیان، لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتوون.
ئەو سەرچاوەیە ھەروەھا رایگەیاندووە، کە حەیدەر عەبادی لە دوا سەردانیدا بۆ تورکیا، کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە ئەنجامی دا، بەڵێنی دژایەتییکردنی پەکەکەی داوە بەرامبەر بە چەند دەستکەوتێک، کە بریتین لە؛
- بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق لە رووبارەکانی دیجلە و فورات (لە باکووری کوردستانەوە ھەڵدەقوڵێن).
- کۆتایی ھێنان بە ناکۆکییەکان لەبارەی بوونی ھێزەکانی تورکیا لە پارێزگای نەینەوا (بۆ مەشقکردن بە چەکدارە سوننەکانی نەینەوا دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە باشیک جێگیر بوون).
- کردنەوەی دەروازەیەکی سنووریی نوێ لەنێوان عێراق و تورکیا.
- ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا تورکییەکان بۆ وەبەرھێنان لە عێراق.
ھەروەک ئەو رۆژنامەیە بڵاوی کردووەتەوە، عەبادی و بەرپرسانی باڵای تورکیا رێککەوتوون لەسەر توندوتۆڵکردنی چاودێری لەسەر کۆمپانیاکانی حەواڵەکردنی دراو لە شاری سلێمانی و ”بەم نزیکانە“ش لێژنەیەک بۆ ئەو مەبەستە پێک دەھێنێت، چونکە ھەردوولا پێیان وایە لایەنگرانی پەکەکە لە رێگای کۆمپانیاکانی حەوالەی سلێمانییەوە پارە بۆ حزبەکەیان دەنێرن و سلێمانی بە ”پایتەختی ئابووریی پەکەکە“ ھەژمار دەکەن.
لە مانگی ئاداری رابردوو، دوای دەست پێ کردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر، مەولود چاویشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، بەھۆی ئەوەی ”لە سلێمانییەوە ھاوکاریی تیرۆر دەکرێت، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاسایی ناکرێنەوە“، کە تا ئێستاش دەستیان پێ نەکراوەتەوە.
ئەو رۆژنامەیە لە زاری سەرچاوە نزیکەکە لە حەیدەر عەبادی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە چەندین کەسایەتی سیاسی و دەوڵەمەندی سلێمانی ھاوکاریی پەکەکە دەکەن، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری خەڵکی شارەکە لەژێر ھێڵی ھەژاریدان.
بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش (بەبێ بڵاو کردنەوەی ناوەکەی)، بە رۆژنامە قەتەرییەکەی راگەیاندووە، زیاتر لە ١٢ نووسینگەی حەواڵەی دراو لە سلێمانی ھەن، کە مۆڵەتی کارکردنیان لە بانکی ناوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستان وەرنەگرتووە و بە نھێنی کار لەگەڵ بەرپرسی دارایی پەکەکە دەکەن.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردووەتەوە، سەرمایەدارێکی سلێمانی، کە بەم دواییانە ھاتووەتە ناو بواری سیاسەت، چەندین ئۆتۆمبێلی جێبی دەبڵ ئەکسلی بۆ پەکەکە دابین کردووە.
شێخ ئازاد بیارەیی، کە پێشتر ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، بە رۆژنامەی ئەلعەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، خەڵکی ئاسایی سلێمانی پشتگیریی کارەکانی پەکەکە ناکەن، بەڵام بنەماڵەی تاڵەبانی و یەکێتی و چەند سەرمایەدارێک پشتگیریی پەکەکە دەکەن.
باسنيوز
