حەشدی شەعبی زیاتر لە 160 هەزار دۆلاری کەسێکی کەرکووک دەڕفێنن

 حەشدی شەعبی زیاتر لە 160 هەزار دۆلاری کەسێکی کەرکووک دەڕفێنن
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی کەرکووک، ئاماژە بەوە دەدات، کە لە لایەنی چەند کەسێکی سەربە ڕێکخراوی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەربە میلیشیای حەشد، زیاتر لە 160 هەزار دۆلاری هاووڵاتییەکی کەرکووک دەدزن.

گۆڕان عەبدولڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، ڕایگەیاند: "کاتژمێر 8:00ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 30\8\2018 چوار کەس کە دوانیان بە زمانی عەرەبی قسەیان کردووە و لۆگۆی عەسائیبی ئەهلی حەقی سەربە میلیشیای حەشدیان پێ بووە، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی ئیبراهیم ئیسماعیل، کە نووسینگەی دراوی هەیە و دانیشتووی گەڕەکی ئیمام قاسمی شاری کەرکووکە، بڕی 160 هەزار دۆلاری ئەمریکی، لەگەڵ چوار ملیۆن دینار و ئۆتۆمبێلەکەیان دزیوە".

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، ئەوەشی خستە ڕوو، کە دوای بەدواداچوونەکان ئۆتۆمبێلی ئەو هاووڵاتییەیان لە نزیک دەرگای فڕۆکە خانەی کەرکووک دۆزیوەتەوە.

16ی ئۆکتۆبەر، کە بەهۆی خیانەتی گرووپێکی خیانەتکارەوە، کەرکووک و خورماتوو لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دەستی بەسەردا گیرا، لەم بەروارە بەدواوە، ڕووداوەکانی دزی، ڕفاندن، کوشتن لە شاری کەرکووک ڕووی لە زیادبوون کردووە.










باسنیوز
Top