جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی دژی هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردن دەوەستێتەوە

 جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی دژی هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردن دەوەستێتەوە
جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دژایەتیی خۆی بۆ هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردن ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە ”ئێستا“ بۆ یەکێتی باشترین کاتە تاوەکوو بچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە.


ڕامان مەجید، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ٣ی هەولێری یەکێتی، لە دوو وتاریدا کە لە دوو کاتی جیاوازدا بڵاوی کردووەتەوە، باسی لە هەوڵەکان بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە.

لە وتاری یەکەمدا بە ناونیشانی (یەکێتی نەخۆشیی گای سوور بەرنادات)، ئاماژەی بەوە داوە: ”ھەرچەندە ئێستا یەکێتی لە دۆخێکی باش دایە لە ھەموو ڕوویەکەوە لە چاو جاران، بەڵام بۆ بڕیاری گونجاو، کاتی گونجاو، لە ھەڵەکانی ڕابردووی بەردەوامە، چونکە باشترین کات بۆ ھەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکێتی، ئێستایە“، چەند هۆکارێکیشی لەمبارەیەوە ڕوون کردووەتەوە کە ئەمانەن:

١- لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراقدا یەکێک بووە لە براوە سەرەکییەکانی ھەرێمی کوردستان.

٢- ڕکابەرە بەھێزەکانی لە ئۆپوزسیۆن لەم ھەڵبژاردنە بێھێز دەردەکەون.

٣-لە ڕووی حکوومەتدارییەوە ئێستا پشکی کەمە و دەکرێت ئایندە بەھێزتر لە حکوومەت بەشدار بێت.

٤- ناو ماڵی یەکێتی تا ئاسێکی باش لە چاو چەند ساڵی ڕابردوو کۆک و یەک دەنگن

٥- بە چاو خشانەوە بە ڕابردووی دوور و نزیک بۆ ھەموو لایەنەکان ڕوون بووەوە کە ھیچ هاوپەیمانێتییەک و دروستکردنی حکوومەتێک بەبێ یەکێتی کاری نەکردووە و نەگونجاوە و بگرە نزیکە لە مەحاڵ.

٦- بە زۆرترین ئەگەر و پێشبینیی چاودێرانی سیاسی و ھەڵبژاردن، لەم ھەڵبژاردنەی ھەرێمی کوردستان، یەکێتی لە ھێزی سێیەمەوە دەبێتە ھێزی دووەم.

٧- ترسی ھێزە هەرێمایەتییەکانی کەریگەر لە ناوچەکە زۆر کاڵترە لە پێشووتر، چونکە تورکیا بەدەست کێشەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا و دۆخە ئابورییەکەیەوە دەناڵێنێت، ئێرانیش بەم دۆخە نوێیەی ئێستایەوە، لەگەڵ ئەمریکا نایەوێت ھیچ گۆڕانێکی جەوھەری لە نزیک سنوورەکانی ڕوو بدات و عێراقیش لە دۆخێکی وادا نییە ئێستا جگە لە دوعای خێر، ھیچی لە دەست بێت.

رامان مەجید پێیوایە کە هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەم داواکارییە بە ئاشکرا، ”کارێکی باشە“، بەڵام ”ھۆکارەکانی بۆ دواخستن کە ڕایگەیاندوە، زۆر لاوازن“. دواتر ئەو هۆکارانەشی ڕوون کردووەتەوە و ڕەتی کردوونەتەوە کە یەکێتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بانگەشەیان بۆ دەکات.

لە وتاری دووەمیدا کە بەناونیشانی (چەند سەیرە بە پاش وەختەش رازی نین...!!) بڵاوی کردووەتەوە، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی ڕای گەیاندووە، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان سەرباری ئەو خاڵانەش لەگەڵ هەڵبژاردندا نین:

١- یان لە حکوومەت و پەرلەمان دەرکراون یان ھیچیان لەم حکوومەتە بە دەست نییە.

٢- ئەم حکوومەتەیان پێ فاشیل و کارەسات ھێنە و گەندەڵە

٣- ھەر دوێنێ بوو داوای ھەڵوەشانەوەی حکوومەت و پێکھێنانی حکوومەتی رزگاریی نیشتیمانییان دەکرد

٤- لە کاتی خراپی دۆخی خەڵک، ئۆپۆزسیۆن ھەردەم داوای ھەڵوەشانەوەی حکوومەت و ھەڵبژاردنی پێشوەختەی دەکرد، بەڵام ئێستا نایانەوێت پاش وەختیش بکرێت.

٥- دەکرێت لە ھەڵبژاردنی پێشوو ئەگەر بە ئەلیکترۆنی فێڵیان لێ کرا بێت و یەک ئەندامیان لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ھەبووبێت، لەم ھەڵبژاردنە بە دەست دەژمێردرێت و دەتوانن سەنگی خۆیان بەدەست بێننەوە و چوار ئەندامیان لە کۆمیسیۆنی ھەرێمی کوردستانیشدا ھەیە.

٦- ئەو دەسەڵاتەی دەیانەوێت ھەڵبژاردنی بۆ نەکرێت، سەرۆکی ھەرێم بە وەکالەت و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پەرلەمان و ٢/٣ی وەزیرەکانی بە وەکالەت لایە، ئەو ھێزە کە ناوی پارتییە، زۆربەی رەخەنەکانیان ڕوو لە ئەوە، ئێستا حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتەی بۆ درێژ بکەنەوە.

٧-ئەوان ساڵی پار نەچوونە پەرلەمان و نا ڕازی بوون و قەبوڵیان نەبوو ئەم حکوومەتە بۆی درێژ بکرێتەوە و دەنگیان بۆ نەدا، کەچی ئێستا دەیانەوێت درێژتر بکرێتەوە.

ڕامان مەجید پرسیاری ئەوەی لە ”حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان“ کردووە: ”ھۆکار چییە لەگەڵ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان نین؟ ئێوە لە دۆڕانی زیاتر، لە چی دەترسن؟ دۆڕانی زیاتر ترسی بۆ چییە؟“.

لە کۆتاییشدا نووسیویەتی: ”لە دونیادا ئۆپۆزسیۆن داوای ھەڵبژاردن لە کاتی خۆی یان پێش وەختە دەکات، بەڵام ئەوانەی لای ئێمە، بە ھی پاش وەختەش ڕازی نابن“.












باسنيوز
Top