دیندار دۆسکی: پەیوەندییەکەی پۆمپیۆ جەختکردنەوەیە لە گرنگیی پێگەی بارزانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

 دیندار دۆسکی: پەیوەندییەکەی پۆمپیۆ جەختکردنەوەیە لە گرنگیی پێگەی بارزانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
سیاسەتمەدارێکی کورد کە یەکێکە لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ڕای گەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، دەرخەری گرنگیی پێگەی سەرۆک بارزانییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پاش پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ٨ی ٢٠١٨ی نێوان مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆک بارزانی. دیندار دۆسکی، سیاسەتمەدار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکگرتوو، ڕایگەیاند: ”ئەو پەیوەندییە بەڕاستی گرنگ بووە و وێنەی حکوومەتی داھاتووی عێراقی تێدا باس کراوە، ھۆیەکەشی ئەوەیە کە بارزانی کەسایەتییەکی کاریگەرە لەسەر سیاسەتی عێراق، ئەوەش مانای وایە کە کورد وەک لایەنێکی کارا ڕۆڵی خۆی لە ستراتیژیەتی ئەمریکا ھەیە لە عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست".

دۆسکی ڕوونی کردەوە، ھەموو ھێزە شیعی و سوونییەکان لە ھەولێر و لەگەڵ پارتی و یەکێتی ”کە سەنگی خۆیان لە داھاتووی عێراقدا ھەیە“، کۆدەبنەوە، بۆیە ئەگەر کورد یەک دەنگ و یەکڕیز بێت، ئەوا سەنگی کورد لە سیاسەت و داھاتووی عێراق پتر دەبێت، ھەروەھا لە جیھانیش دا کورد دبێتە کاراکتەرێکی کارا و وادەکات ئەمریکا بۆ ھەژموونی لە عێراق زۆر پشتی پێ ببەستێت.

دیندار دۆسکی لە لێدوانەکەیدا دووبارە باسی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان پۆمپیۆ و سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: ”پەیوەندییەکەی نێوان بارزانی و مایک پۆپینۆ ئەوە دەگەیەنێت کە پێگەی بارزانی و ھەرێمی کوردستان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگیی خۆی ھەیە، چونکە ئەوان دەزانن بارزانی لە پێکھێنانی حکوومەتی داھاتووی عێراقدا کاراکتەرێکی زۆر بەھێزە لە وێنەی داھاتووی سیاسەت و حکوومەتی عێراق دا“.










باسنیوز
Top