گوتەبێژی پارتی: سوورین لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ

 گوتەبێژی پارتی: سوورین لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێ
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، ڕۆژی ھەینی ٣١ی ٨ی ٢٠١٨، شاندی پارتی و یەکێتی بەمەبەستی دانوستان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، سەردانی بەغدا دەکەن. هاوکات داوایەکیش لە چوار لایەنەکە دەکات.

مەحموود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕایگەیاند: "ھیچ گۆڕانکارییەک بەسەر کات و ساتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نەھاتووە و ئێمە وەکوو پارتی، سوورین لەسەر ئەوەی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێ و ھیچ کات لەگەڵ ئەوەدا نین ھەڵبژاردن دوا بخرێت، ھەروەھا ئێمە لای خۆمانەوە ھەموو ھەنگاوەکانمان بۆ ئەوەیە ھەڵبژاردن بکرێت".


گوتەبێژی پارتی ڕوونیشی کردەوە، ڕۆژی ھەینی بەمەبەستی دانوستان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، شاندی باڵای پارتی و یەکێتی پێکەوە سەردانی بەغدا دەکەن، ھەروەھا پارتی و یەکێتی ”لەو کوتلەیە نزیک دەبن کە لەگەڵ بەرنامە و پڕۆژەیە بێت کە ئامادەمان کردووە و پێویستە ئەوانیش لە ناوەڕۆکی پڕۆژەکەمان نزیک ببنەوە".

لەبارەی ئەوەی کام کوتلەی عێراق داواکارییەکانی کورد لە خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق جێبەجێ دەکات؟ گوتەبێژی پارتی ڕای گەیاند: "جارێ نازانین کام کوتلە داواکارییەکانی گەلی کورد جێبەجێ دەکات، بێگومان ئەوە دەمێنێتەوە سەر ئەو گفتگۆیانەی لە ڕۆژی هەینییەوە دەست پێدەکات، چونکە تا ئێستا تەنیا بیروڕا گۆڕینەوە ھەبووە و کاتێک چووینە ناو ناوەڕۆکی بابەتەکان، ئەوکاتە دەتوانین بڵێین فڵانە کوتلە لە کوردەوە نزیکە."

ئەوەشی خستە ڕوو: "پارتی و یەکێتی بە تەنیا ناچنە پاڵ ھیچ کوتلەیەکەوە، چونکە دوای ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق، ئێمە باسی ئەوەمان کردووە دەبێ یەکڕیزیی نێوماڵی کورد بپارێزین، دیارە ئەو چوار لایەنەی لە دەرەنجامی ھەڵبژاردنەکەی پەرلەمانی عێراق ناڕازی بوون، ئێستا بڕیاریان داوە گفتوگۆ بکرێت، بۆیە ئێمە پێمان باشە ئەو پڕۆژەیەی دامان ناوە، ئەگەر ئەو چوار لایەنە شتێکیان ھەیە با ئیزافەی بکەن و دەوڵەمەندی بکەن، تاکوو پڕۆژەکەمان پڕۆژەی ھەموو لایەک بێ و شاندەکەشمان شاندێک بێت ھەموو لایەنەکانی تێدا بەشدار بێت".








باسنیوز
Top