كۆمسیۆن: وەڵامی هەموو لایەنەكانمان داوەتەوە و هیچ كێشەیەك لە تۆماری دەنگدەراندا نییە
پێشتر لایەنەكان بەردەوام باسیان لەوە دەكرد كە تۆماری ناوی دەنگدەران شەفاف نییە و ناوی دووبارە و مردووی زۆر تێدایە، بەڵام كۆمسیۆن تۆمارێكی نوێی ئامادە كردووە و 250هەزار ناویان لێ دەرهێناوە، چەند لایەنێكیش كە هەندێك تێبینییان لەسەر تۆماری نوێ هەبوو، تانەیان لێ دابوو، بەڵام كۆمسیۆن وەڵامی هەمووانی داوەتەوە.
لەبارەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران، كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی داتاكان لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە تۆماری نوێی دەنگدەرانمان نوێ كردەوە و نزیكەی 250هەزار ناوی مردوو و دووبارەمان لێ فڕێداونەتە دەرەوە، جگە لەوەش ماوەیەكمان دیاری كردبوو بۆ ئەوەی هەر لایەنێك تێبینیی لەسەر هەبێت، تانەی خۆی پێشكەش بكات و ژمارەیەك لایەن تانەی خۆیان پێشكەش كردبوو، ئێمەیش خاڵ بە خاڵ وەڵامی هەمووانمان داوەتەوە، بۆیە تۆماری دەنگدەران نابێتە هۆكاری ئەوەی هەڵبژاردن دوا بخرێت، چونكە زۆر بە باشی نوێ كراوەتەوە".
جەلال گوتیشی: "تۆمارەكە زۆر بە باشی پاك كراوەتەوە و هەرچی ناوی دووبارە و مردوو هەبووە، لامان داوە و لایەنەكانیش زیاتر تانەیان لەسەر ناوی دووبارە و مردوو و گۆڕینی بنكەكان هەبوو و ئێمەیش وەڵامی هەمووانمان داوە و هیچ كێشەیەك لە تۆماری دەنگدەراندا نییە".
kdp-
