عەرەفات کەرەم: مەرجەکانی کورد دیارن

 	 عەرەفات کەرەم: مەرجەکانی کورد دیارن
تەنیا چەند ڕۆژێک بۆ یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێی عێراق ماوە و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، تا یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە نەچێت دروستکردنی گەورەترین کوتلە دیار نابێت دەشڵێ، کورد وەک یەک لە ھەموو لایەنەکانەوە نزیکە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق پێی وایە: "ئێستا پارتی و یەکێتی وەک یەک لە ھەموو لایەن عێراقییەکان بۆ دروستکردنی حکوومەتی نوێی عێراقەوە نزیکن و پارتی و یەکێتی ھێڵی سووریان بۆ ھیچ کەس و لایەنێک دیاری نەکردووە، تەنیا مەرجەکانی کوردن ھاوپەیمانی داھاتووی کورد دیاری دەکەن، کێ زیاتر دێتە ژێر باری داواکاریی کورد بۆ جێبەجێکردنی داواکانی لەگەڵ ئەو لایەنە کوتلەی گەورەی پەرلەمان پێک دێنن."

لەوبارەیەوە، دکتۆر عەرەفات کەرەم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "مەرجی سەرەکیی بەشداریکردنە وەک پێکھاتەی دووەم و سەرەکیی عێراق لە پڕۆسەی سیاسیدا و توانیومانە شکست بەو زۆرینەیەی پەرلەمان بێنین، کە پێشتر ھەندێ کەس و لایەن پڕۆپاگەندایان بۆی دەکرد و پێیان وابوو بەبێ کورد دەتوانن ھەموو پڕۆژە و بڕیارەکان لە پەرلەمان تێپەڕێنن، بەڵام ھەر ئەو کەس و لایەنانە ئێستا ھاتوونەتەوە بەر دەرگای کورد و داوای پێکەوەبەڕێوەبردنی عێراق دەکەن."

لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراقەوە دکتۆر عەرەفات کەرەم جەختی کردەوە: "ھێشتا کورد بڕیاری کۆتایی نەداوە کە پاڵپشتیی کێ دەکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی داھاتووی عێراق، چونکە ڕاستە وادەی کۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری کراوە لە لایەن سەرۆککۆماری عێراقەوە، بەڵام لە سیاسەتدا شتی مەحاڵ نییە، لەوانەیە گەورەترین کوتلە چەند کاتژمێرێک بەر لە دەستپێکردنی کۆبوونەوە ھەرەس بێنێت و کوتلەی دیکە ببێتە زۆرینە، عەبادی و مالیکی و ھیچ کامیان بۆ کورد جیاوازییان نییە، ئەوەی گرنگە، مەرجەکانی کوردە."
kdp-
Top