پڕۆژەیاسایەکی گرنگ لەبارەی پرسی دەرمانەوە پەسەند دەکرێت

 	 پڕۆژەیاسایەکی گرنگ لەبارەی پرسی دەرمانەوە پەسەند دەکرێت
ڕۆژی دووشەممەی دابێ پەرلەمانی کوردستان پرسی دەرمان و چەند پڕۆژەیاسایەکی تایبەت بە کەرتی تەندروستی گفتوگۆ دەکات و ئەندامێکی لیژنەی تەندروستیش ئاشکرای کرد، پەرلەمان دەیەوێت پرسی دەرمان چارە بکرێت و ئەو بێسەروبەرییەی پێشتر ھەبوو نەیھێڵێت.



دکتۆر شیرین حسنی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی پشتڕاست کردەوە: "لە لایەن دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە لە ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی دابێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوە دەچێت و تێیدا چەند پڕۆژەیاسایەکی گرینگ لە بواری تەندروستیدا دەخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمانەوە کە پەیوەستن بە ژیان و تەندروستیی ھاووڵاتییانەوە و پەسەند دەکرێن."



ئەندامەکەی لیژنەی تەندروستی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەیاسای مافی نەخۆش ماوەیەکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت، ئەوە لە پەرلەمان پەسەند دەکرێت، کە دوای پەسەندکردن مافی نەخۆش لە نەخۆشخانە گشتی و تایبەتییەکان پارێزراو دەبێت و ئیدی دکتۆر و کەرتی تەندروستی ناتوانن مافێ نەخۆش پێشێل بکەن."



دکتۆر شیرین حسنی پڕۆژەیاسایەکی دیکەی ئاشکرا کرد، کە پێوەندیی بە پرسی دەرمانەوە هەیە، ئەویش یاسای ئەنجومەنی تەندروستییە و دەڵێت: "پڕۆژەکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و حەفتەی دابێ خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە. پڕۆژەکە ھەندێ دەسەڵات لە سەندیکا تەندروستییەکان وەردەگرێتەوە و دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتەوە، بەوانەش پرسی دەرمان یەکلا دەکرێتەوە."
kdp-
Top