دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکاری دانیشتوانی شاری بەسڕا دەکات
زانکۆ محەمەد، لە راگەیاندنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، رايگەیاند: ”دوای ئەوەی بەهۆی پیسبوونی ژینگەوە، ئاوی بەسڕا پیس بوو، منداڵێکیش گیانی لەدەست دا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەک هەستکردن بە لێپرسراویەتی و ئەرکی مرۆڤایەتی، بڕیاری دا، هاوکاری دانیشتوانی بەسڕا بکا“.
ئەو کارمەندەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەوەشی خستە روو، کە نزیکەی 24 بارهەڵگر ئاوە، 200 هەزار سێتی ئاوی خواردنەوەیە، کە دەکاتە ملیۆنێک و 200 هەزار بوتڵی ئاو، کاروانەکە دوێنی لە هەولێرەوە بەڕێ کەوتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە 29\8\2018، لە بەغداوە بەرەو بەسڕا بەڕێ کەوتن، بەیانی دەگەڕێنەوە.
ئاشکراشی کرد، کە ستافێکی بەرفراوانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێ کەوتوون، ئەوانیش وەک هەستێکی مرۆڤایەتی، کە دەزگاکە بەردەوام هاوکاری لێقەوماوان دەکات و گوتیشی: ”لەم ئەرکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هیچ لایەنێک سپۆنسەری نەکردووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەسەر شانی خۆی، بە کارە هەستاوە“.
بەهۆی کەمی ئاو و پیسبوونی ژینگەی بەسڕا، چەندین نەخۆشی بڵاو بووەتەوە، لەم رۆژانە چەندین کەس نەخۆش کەوتوون و منداڵێکیش گیانی لەدەست داوە.
باسنيوز
