رۆژنامه‌ی حوریه‌ت دانانی سیسته‌می رادار له كۆبانێ پشتڕاست ده‌كاته‌وه
له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ڤیدیۆیه‌ك بڵاو كراوه‌ته‌وه، كه چه‌كدارانی ئه‌مریكی خه‌ریكی دانان و جێگیركردنی سیسته‌می رادارن له نێوان كۆبانێ و حه‌سه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بارهه‌ڵگره‌وه سیسته‌مه‌كه ده‌گوازنه‌وه.
میدیاكانی سه‌ر به ئاكپارتی، وه‌كو هه‌واڵێكی تایبه‌ت و گرنگ باسیان له‌و سیسته‌مه كردووه، ئاماژه‌یان داوه كه ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت وه‌كو چۆن له ساڵی 1991 عێراقی دابه‌ش كرد و ناوچه‌ی دژه فڕینی بۆ هه‌رێمی كوردستان دروست كرد، به‌هه‌مان شێوه‌ش سووریا دابه‌ش ده‌كات، به‌ڵگه‌ش دانانی سیسته‌می رادار و ناوچه‌ی دژه‌فڕینه.
رۆژنامه‌ی حوریه‌تی توركی، ئه‌و پرسیاره‌ی ئاڕاسته‌ی چه‌ند به‌رپرسێكی سه‌ربازی توركیا كردووه و لێی پرسیون ئاخۆ راسته ئه‌مریكا سیسته‌می راداری له كۆبانێ جێگیر كردووه؟ له وه‌ڵامدا ئه‌و به‌رپرسانه به‌نه‌خێر وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه، گوتوویانه ئه‌نكه‌را به جیدی به‌دواداچوون بۆ پرسه‌كە ده‌كات و پاشان رای گشتی لێ ئاگادار ده‌كاته‌وه.
بەر لە دوو رۆژ، رۆژنامه‌ی (ئاكید، ته‌قویم، سه‌باح) له راپۆرتێكدا ئاشكرایان كردبوو، كه ئه‌مریكا سیسته‌می راداری له كۆبانێ جێگیر كردووه. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یان دابوو كه له پلانی ئه‌مریكادا هه‌یه سووریا دابه‌ش بكات و رۆژئاواش له سووریا داببڕێت، هه‌روه‌كو چۆن هه‌رێمی كوردستانی له عێڕاق دابڕی له ساڵی 1991.
تاوه‌كو ئێستە له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه هیچ لێدوانێكی فه‌رمی له‌وباره‌یه‌وه نه‌دراوه، حكوومه‌تی توركیاش لێدوانی فه‌رمی نه‌داوه، به‌ڵام له رێگه‌ی میدیاكانیانه‌وه به ناڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه قسه ده‌كه‌ن.
bas news-
