دادگای فیدراڵی بڕیاری دا.. نابێ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بە كراوەیی بھێڵدرێتەوە
دوێنێ سەرۆككۆماری عێراق وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی دیاری كرد، كە بڕیارە لە حەفتەی دابێ رۆژی ٣/٩ ئەنجام بدرێت و لایەنەكانیش لە گفتوگۆی بەردوامدان بۆ ئەوەی لەبارەی حكوومەتی تازە و پۆستەكانی سێ سەرۆكایەتییەكە بگەنە رێككەوتن، بەڵام تاوەكو ئێستا رێككەوتن نەكراوە.
لەبارەی كۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمانی نوێی عێراق، بەیار تاھیر دۆسكی، ئەندامی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە دوای مەرسوومی سەرۆكایەتیی كۆمار، پێویستە لە وادەی خۆیدا پەرلەمانی نوێ كۆ ببێتەوە و تێیدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا دیار نییە كاندیدەكان كێن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی و پێویستە تا ئەو كاتە لایەنەكان لەسەری بگەنە رێككەوتن".
لەبارەی ئەوەی كێ سەرۆكایەتیی یەكەم دانیشتنی پەرلەمان دەكات، دۆسكی گوتی، پەرلەمانتارێكی سەربەخۆیە بە ناوی محەممەد و بەتەمەنترین پەرلەمانتارە و ئەو یەكەم دانیشتنی پەرلەمان بەرێوە دەبات، دواتریش لە ھەمان كۆبوونەوەدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری دەكرێت.
پێوەست بەوەی كە دەكرێت كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی بھێڵدرێتەوە ئەگەر لایەنەكان لەبارەی دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە نەگەنە رێككەوتن، گوتی: "بەپێی دەستووری عێراق ناكرێت كۆبوونەوەی پەرلەمان بە كراوەیی بھێڵدرێتەوە و پێویستە لە یەكەم دانیشتندا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دیاری بكرێت و دادگای فدراڵییش بڕیاری خۆی لەو بارەیەوە داوە، بۆیە ھیچ رێگایەك لە بەردەم لایەنەكاندا نییە و پێویستە تا ئەو كاتە بگەنە رێككەوتن".
kdp-
