تا دێ، ژمارەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی عێراق بۆ كوردستان زیاتر دەبێ

 	 تا دێ، ژمارەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی عێراق بۆ كوردستان زیاتر دەبێ
ھاووڵاتیانی عێراق لە ترسی ژیانی خۆیان و بە ھۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتاییەوە، جارێكی دیكە ئاوارەی ھەرێمی كوردستان دەبنەوە و وەك لایەنە ئاگادارەكانیش روونی دەكەنەوە، لە رۆژانی رابردوودا رێژەی ھاتنی ئاوارەی عەرەب زۆر زیادی كردووە، بەڕێوەبەری كەمپەكانی خازریش دەڵێ، خەڵكی دەگەڕێنەوە و باس لە نەھاتیەكانیان دەكەن لە دەست حكوومەتی عێراق و حەشدی شەعبی.

ساڵانی رابردوو بە ھۆی كردەوە تیرۆریستییەكانی رێكخراوی قاعیدە و ھێرشی تیرۆریستانی داعش، زیاتر لە ملیۆنێك ئاوارەی ناوەڕاست و باشووری عێراق روویان لە ھەرێمی كوردستان كرد و، بە ھۆی سەقامیگریی رەوشی ئەمنیی ھەرێمی كوردستان ئاوارەكان توانییان لە ترسی دڕەندەیی داعش، كوردستان وەك پەناگەیەك بەكار بێنن بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان.

سەنگەر ئەحمەد، خاوەنی نووسینگەی بەكرێدانی خانوو لە شاری ھەولێر، ئەوەی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی كوردستان پشتڕاست كردەوە و گوتی، دوای دەركردنی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەكانیان پەیتا پەیتا عەرەبە ئاوارەكان دەگەڕانەوە شوێنی خۆیان و ھەرێمی كوردستانیان بەجێ دەھێشت، بەڵام ماوەیەكە دەبینین ھەمان ئەو ئاوارانە دەگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان و داوای خانووی كرێ دەكەن، خەریكە بڵێم خانوو وەك ساڵی ٢٠١٤ بۆ كرێ دەست ناكەوێت بەو ئاسانییە.

ئەو خاوەن نووسینگەیە نەیشاردەوە، لە ھەندێ ناوچەی ھەولێر بە ھۆی گەڕانەوەی ئاوارەكانەوە، كرێی خانوو بەرز بووەتەوە و دەشڵێت: "بازاڕی بەكرێدانی خانووبەرە زۆر رووی لە كزی كردبوو، بەڵام ئێستا خەریكە بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، ئەو ئاوارانە لە ناوچەی جیاوازی عێراقەوە دێنە ھەرێمی كوردستان و، وەك خۆمان پرسیاریمان لێ كردوون ھۆكارەكەی بۆ ناسەقامگیریی ناوچەكانیان دەگێڕنەوە".

دكتۆر تاریق نووری، بەڕێوەبەری ئاسایشی ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "بەشی زۆری ئاوارەكانی پێشووی عێراق دەگەڕێنەوە ھەرێمی كوردستان و جگە لەوانەی مووسڵ ئاوارەیەكی زۆریش لە پارێزگای سەڵاحەددین و قەزای شەرگات روو لە ھەولێر دەكەن، خەڵكی لە نێوان حەشد شەعبی و داعش نازانن چی بیكەن، ئەگەر بە ھۆی كرێی خانوو و كێشەی دارایی نەبێت، ھەموویان دەگەڕێنەوە، ئێمەیش وەك ئاسایش دەرگامان واڵایە بۆ ھەر ئاوارەیەكی عێراق، ھەر ئاوارەیەك بگەڕێتەوە ئاساییە بە مەرجێك كەسی یەكەمی خێزانەكەی داعش نەبووبێت".
شەڕ كۆتایی ھاتووە لە مووسڵ، بەڵام حەوت ھەزار خێزانی عەرەبی مووسڵ ھێشتا لە سێ كەمپی خازردا ماونەتەوە و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، رەشید دەروێش سەفتی، بەڕێوەبەری كەمپەكانی زۆنی خازر، ژمارەی ئەو خێزانانەی ئاشكرا كرد كە روو لە كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەكەن و روونی كردەوە: "رۆژانە ژمارەیەك خێزان دەگەڕێنەوە نێو كەمپەكان و ژمارەیەكی زۆرتریش دەچنە ھەولێر و دەوروبەری و خانوو بە كرێ دەگرن، لە حەفتەیەكدا زیاتر لە سەد خێزانی مووسڵ و دەوروبەری دەگەڕێنەوە ھەولێر".
سەفتی، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "تا خێزانێك لە كەمپەكان دەگەڕێتەوە مووسڵ، چوار خێزان دێنەوە نێو كەمپ، خەڵكی ئاوارە باسی نەھامەتییەكانی خۆیان دەكەن لەوەی سەرەڕای نەبوونی خزمەتگوزاری، رەوشی ئەمنیی ناوچەكانیان زۆر مەترسیدارە و حەشدی شەعبی زوڵم لەخەڵكی سوننە دەكات، ھەتا ژمارەیەك لە گەڕاوەكان بۆیان گێڕامەوە كە زۆرێك لەوانەی پێشتر داعش بوون ئێستا چەكداری حەشدی شەعبین".
سەرۆكی لیژنەی ئەمنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا جەختی لە تێكچوونی رەوشی ئەمنیی مووسڵ كردەوە و، لەو بارەیەوە ھاشم بریفكانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خەڵكی مووسڵ لە پاشەڕۆژی خۆیان دەترسن و گرووپی تیرۆریستیی داعش لەنێو شاری مووسڵ پارە و سەرانە لە خەڵكی وەردەگرن و لە ھەندێ ناوچەی نەینەوا بە ئاشكرا ھاتوچۆ دەكەن و خەڵكی دەكوژن و دەستەڵاتیشیان ھەیە، بەو دواییەیش داعش بە ئاشكرا دەركەوتەوە و مەترسیی لەسەر ناوچەكە دروست كردووە".
kdp-
Top