باندێکی دزی لە گەرمیان دەستگیر کران

 باندێکی دزی لە گەرمیان دەستگیر کران
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ڕای دەگەیەنێت، کە باندێکی دزیی حەوت کەسی و هەڵکوتانەسەر ماڵانیان دەستگیر کردووە.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ئاماژە بۆ ئەوە کراوە: "سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٠\٨\٢٠١٨ چوار کەسی نەناسراو بە دەموچاوی داپۆشراو و بەناوی ئاسایشەوە چوونەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی عەرەب، بە ناوی (مهەنەد حسوون عەلی) لە گوندی وەلی ئاغای سەر بە شارەدێی "قۆرەتوو" و بڕی حەوت هەزار و چوارسەد دۆلار و چوار ملیۆن دیناری عێراقی، ٤٠ مسقاڵ ئاڵتوون، شەش مۆبایل، ئایپادێک و ناسنامەی سەرجەم خێزانەکەیان بردووە هەڵ هاتوون".

هەر بەپێی نووسراوەکە دوای ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان دەستی بە بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد کرد و بەڵگەی لەسەر کەسەکان دەست کەوت، تواندرا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر و لەسەر بڕیاری دادوەریی لێکۆڵینەوە ئەو باندە ئاشکرا بکرێت و دەستگیریش بکرێن.

ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە باندەکە لە حەوت کەسییەکە شەش کەسیان بەناوەکانی (ئەیام ڕەحمان سلێمان، ئەیاد ئەحمەد حەمید، سەرکەوت مەجید محەمەد، بەرزان عەباس عەبدولڕەحمان، محەمەد ئازاد حوسێن، کۆسار ڕۆستەم محەمەد) دەستگیر کراون و لە پێش دادوەری لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و بەپێی مادەی ٤٤٠ ڕاگیراون، هەوڵەکانیش بۆ دەستگیرکردنی کەسی حەوتەم بەردەوامە".










باسنيوز
Top