بڕیارێکی تایبەت بۆ مووچەی پێشمەرگە دەردەکرێت

 بڕیارێکی تایبەت بۆ مووچەی پێشمەرگە دەردەکرێت
بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داھاتووەوە، شێوازی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە گۆڕانکاریی تێدا بکرێت و لە رێگەی کارتی بانکەوە دابەش بکرێت.



لیوا بەکر سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاند: ”تاوەکوو سەرەتای ساڵی داھاتوو مووچەی ھەموو پێشمەرگە لە رێگەی ناسنامەی تایبەتەوە لە رێگەی بانک وەردەگیرێت، ئەو ناسنامەیەی ئێستا نامێنێت بۆ مووچەوەرگرتن».



روونیشی کردەوە: «بۆ ئێمە کاری دابەشکردنی مووچە رێکوپێک و ئاسانتر دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر لە رێگەی بانک بێت پێشمەرگە لە کاتی واجبیشدا نەبێت ئەوە راستەوخۆ دەچێت مووچەی خۆی وەردەگرێت و رۆتیناتیش کەم دەبێتەوە».



لیوا بەختیار حەمھسدیق، راوێژکار لە وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندامی بۆردی سەرپەرشتیاری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە بە (باس)ی راگەیاند، یەکێک لە ھەنگاوەکانی پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیە، مووچە دابەشکردن لەڕێگەی بانکەوە دەبێت، بۆ ئەوەی تەنیا پێشمەرگە بتوانێت مووچەکەی وەربگرێت.



راوێژکارەکەی وەزارەتی پێشمەرگە روونیشی کردەوە، تا ئێستا ١٤ لیوا لە وەزارەتی پێشمەرگە یەک خراون، بۆیە مووچەی ئەوان و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ لەڕێگەی بانکەوە دەبێت، گوتیشی: «ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی داوە لەسەر بە ئەلیکترۆنیکردنی مووچەی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھیچ کێشەیەکی تێدا نەماوە، تەنیا ھەندێک رێکاری ئیداری و دارایی ماون».



شیلان شێخ جەعفەر، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ئەوە یەکلا بووەتەوە پێشمەرگە لەڕێگەی کارت لە بانکەکان مووچەی خۆی وەربگرێت، گوتی: «ئەو رێکارەی ئێستا ھەیە بۆ دابەشکردنی مووچە رێکارێکی باش نییە، بۆیە وەک چاکسازی بڕیار درا کە مووچەی سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە بکرێتە کارتی بانکی و مانگانە بەم جۆرە دابەش بکرێت».



روونیشی کردەوە، ژمێریارەکان کارتی بانکی بۆ مووچەی پێشمەرگەکان دروست دەکەن، ئەوانیش خۆیان لە بانک مووچە وەردەگرن.



باسنیوز
Top