پارتی: رێگری لە ھەر ھەوڵێک دەکەین کە ئامانج لێی دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بێت
سەرچاوەیەکی باڵا لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند: ”ھەڵبژاردن دەبێ لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا لە ٣٠-٩ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، پارتی بە ھیچ شێوەیەک رازی نابێ دوا بخرێت و جارێکی دیکە تەمەنی پەرلەمانی کوردستان درێژ بکرێتەوە، دوای ئەوەی بۆ جارێک لە مانگی ١١ی ساڵی رابردوو درێژ کراوەتەوە.
سەرچاوە باڵاکەی پارتی جەختی لەوەش کردەوە: ”تاوەکوو ئێستا بەفەرمی ھیچ لایەنێک داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی لە پارتی و پەرلەمانی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان نەکردووە، ھەر لایەنێکیش لەگەڵ دواخستندا بێت، ئەوە دەبێ بەفەرمی ئەو داوایە پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات، بەڵام پارتی لەوێشەوە لەڕێگەی دەسەڵاتە سیاسی و یاساییەکانیەوە، رێگری لە دواخستنی دەکات“.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا: ”لە حاڵێکدا ئەگەر ئەو داوایە بەفەرمییش بکرێت، ئەوە پارتی لە پەرلەمان لە رێگەی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ھەروەھا فراکسیۆنەکەیەوە کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی بەدەستەوەیە، رێگری لە سەرگرتنی ئەو داوایە دەکات، ئەگەر ھەمان داوای دواخستن بەفەرمی پێشکەشی حکوومەتیش بکرێت، دیسان لەڕێگەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکوومەتەوە کە لای پارتی دیموکراتی کوردستانە و ئەو داوایە قبووڵ ناکات، چونکە بڕیاری بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان لە ٣٠ ئەیلوولی ئەمساڵدا، مەرسوومی تایبەتی بۆ دەرچووە، لەبەرئەوە بۆ لایەنەکان باشترە لەجیاتی بیرکردنەوە لە ھەوڵی دواخستن، ئامادەکاریی خۆیان بکەن بۆ ئەو ھەڵبژاردنە، چونکە ھەوڵی وەھا کە لە دژی پرەنسیپەکانی دیموکراسییە لە ھەرێمی کوردستان، پارتی پێی رازی نابێت“.
سەرچاوەکی پارتی ئاماژەی بەوەش دا، بە لایانەوە سروشتی نییە کە گوێبیستی ئەوە دەبن کە ھەندێ لایەن لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردنن، لە کاتێکدا پێش چەند مانگێک باسیان لە ھەڵوەشاندنەوەی حکوومەت و حکوومەتی ئینقاز دەکرد.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئەمڕۆ سێشەمە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەکرێت و تیایدا پرسی بەشداریی پارتی و کورد لە حکوومەتی داھاتووی عێراق، ھەروەھا دوایین ئامادەکارییەکانی پارتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان باسیان لێوە دەکرێت.
ھەر پێوەند بەم باسە، ساسان عەونی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە، کە حزبەکەی ھەموو ئامادەکارییەکی بۆ ھەڵبژاردن کردووە و بەردەوامە و قسەی کۆتاییش لەسەر ئەو پرسە سەرۆک بارزانی کردوویەتی، کە بە ھیچ شیوەیەک لەگەڵ دواخستنی ھەڵبژاردندا نین و دواخستنیشی قبووڵ ناکەن، گوتیشی: ”جگە لەوەش، ھەموو ئامادەکارییەک لە کۆمسیۆنەوە بۆ ئەو پڕۆسەیە کراوە و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەفەرمی رۆژەکەی بۆ دیاری کردووە، ھیچ بیانوویەک نەماوەتەوە بۆ دواخستن و دۆخی کوردستانیش بۆ ئەو پرۆسەیە گونجاوە“.
لای خۆشیانەوە، کاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی لە ھەرێمی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ھەموو کارەکانیان لە کاتی خۆیدا رۆیشتووە و ئامادەکاریی تەواویان بۆ ئەو ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان کردووە، گوتیشی: ”ئەو دەنگۆیانەی لەناو حزبەکاندا ھەیە بۆ ئەو پرسە، کاری نەکردووەتە سەر کارەکانیان و ھەمووی بەو بەرنامەیە دەڕۆن، کە بڕیاریان لەبارەوە دراوە، بەپێی خشتەکەی کە دانراوە، ئێستا ئەو کۆمپانیایەی کەرەستەکان ئامادە دەکات، دەبێ بەم نزیکانە رادەست بە کۆمسیۆنی بکات، لە کۆمسیۆنیش سەرقاڵی تۆماری دەنگدەران و دواتریش دەنگی تایبەت و گشتی لە یەکتری جیا دەکەینەوە، لە وادەی دیاریکراویشدا لە ٥-٩ بانگەشەی ھەڵبژاردن دەست پێ دەکات“.
ھاوکات، بەھار مەحموود، پەرلەمانتار و ئەندامی جڤاتی گۆڕان، بۆ (باس) جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، کە ئەوان وەکوو گۆڕان خاوەنی ھیچ پڕۆژەیەک نین و نابن بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی: ”ئەگەر کار بۆ دواخستنی بکرێت، ئەوە دەبێت لەڕێگەی پڕۆژەیەکەوە بێت تەمەنی پەرلەمانی پێ درێژ بکرێتەوە و ھەڵبژاردنیش دوا بخرێت، بەڵام ئێمە وەکوو گۆڕان، پشتیوانی لە ھیچ کامیان ناکەین“.
ھاوکات، دلێر ماوەتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، رای گەیاند، ئاگەدار نین بەفەرمی ھیچ پڕۆژەیەک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن پێشکەش بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کرابێت، گوتی: ”وەکوو یەکێتی ئامادەکاریمان کردووە و رۆژانەش خەریکی خۆڕێکخستنین بۆ پڕۆسەی ھەڵبژاردن، تا ئێستا بە فەرمی ھیچ لایەنێک خۆی نەکردووە بە خاوەنی پڕۆژەیەک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن“.
ھەروەھا ئەبوبەکر ھەڵەدنی، پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستا ھیچ پڕۆژەیەکی فەرمی نەچووەتە پەرلەمان تاوەکوو ئەوان ڕای خۆیانی لەسەر بدەن، بەڵام ئەوان وەکوو یەکگرتوو ھەر ھەوڵێک بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن رەت دەکەنەوە، گوتی: “ئێمە لەگەڵ ھەڵبژاردنداین لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، ھەر لایەنێک دەرچوو ئەوە با بچێتە ژێر بەرپرسیاریەتی و ئەوەشی دەنگی کەم ھێنا با بە خۆیدا بچێتەوە و بزانێ ھەڵەکانی لە کوێیە، ئەو ھەڵبژاردنەش بۆ حزبەکان کۆتایی دونیا نییە، دەکرێت پڕۆسەی سیاسی دوای ئەو ھەلبژاردنە لە ھەرێمی کوردستان باشتر رێک بخرێتەوە“.
لای خۆشیانەوە، دڵشاد عەبدولڕەحمان، چاودێری سیاسی و سەرکردەی دەست لەکارکێشاوە لە ھاوپەیمانی بۆ دادپەروەری، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو لایەنانەی داوای دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەن، ترسیان لە کەمیی ڕێژەی دەنگەکانیانە و داواکەشیان دژ بە مافی خەڵکە، کە وەک خۆیان پێش چەند مانگێک دەیانگوت نابێ مافی خەڵک لە ھەڵبژاردنی نوێنەرەکانی زەوت بکرێت، چونکە ئەوان دەنگیان بۆ چوار ساڵ داوە بە پەرلەمانی ئێستا.
گوتیشی “بانگەشە کردن لەلایەن ئەوانەی خۆیان بەدیموکراسی دەزانن بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن بەھەر پاساوێک ڕوویەکی قایمی دەوێ مەگەر ھەر شێخ ڕەزا وەسفی ئەو ڕوو قایمیەی بۆ بکرێ”.
باسنیوز
