نێچیرڤان بارزانی و برێت مەکگۆرک تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقیان کرد

 نێچیرڤان بارزانی و برێت مەکگۆرک تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقیان کرد
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا لە میانەی کۆبوونەوەیەکیاندا تاوتوێی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.



ماڵپەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 27/8/2018 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌برێت مه‌كگۆرك نوێنه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ڕی دژی داعش كرد.



له‌ دیدارێكدا كه‌ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و ستیڤ ڤه‌یگن كونسولی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان ئاماده‌ بوون، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ و دیالۆگی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرد به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ حكوومه‌تێكی نیشتمانی بێت و له‌مباره‌یه‌وه‌ ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستانیان له‌و گفتوگۆیانه‌دا به‌رز و گرنگ نرخاند.



له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌ و دیداره‌كانی شاندی هاوپه‌یمانییه‌ جیاوازه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كه‌ سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه‌ و بارودۆخ و پێشهاته‌كان و ڕه‌وشی ئاسایشی ناوچه‌كه‌، خرانه‌ به‌ر باس و گفتوگۆ.




باسنیوز
Top