پرۆژەیەك بۆ پاراستنی وێنەی كچانی كورد لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێشنیار دەكرێ

پرۆژەیەك بۆ پاراستنی وێنەی كچانی كورد لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پێشنیار دەكرێ



بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان داوا دەکات لەناو بەڕێوبەرایەتییەکانی ئاسایشدا ھۆبەیەکی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بکرێتەوە بۆ ئەوەی ھیچ کەسێک نەتوانێ وێنەی کچانی هەرێمی كوردستان لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەمەبەستی خراپ بەكاربێنێت.


سامان سیوەیلی دەرووناس و بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان لە سلێمانی بە(باسنیوز)ی ڕاگەیاند بەھۆی فرەوانی تۆڕەکانی ئینتەرنێتەوە، کچان دەکەونە داوی ئەو کوڕانەی کە بەمەبەستی پەیوەندی سۆزداری لە کچان نزیک دەبنەوە و دواتر کچەکە لەلایەن کوڕەکەوە بەجۆرێک لە جۆرەکان فریو دەدرێ و پەیوەندییەکە لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەوە دەگوازرێتەوە بۆ پەیوەندی کاتی.


سیوەیلی ئاماژەی بەوە دا كە زۆر جار ئەم بابەتانە کارەساتی دڵتەزێنیان بەدوای خۆدا هێناوە.


گوتیشی "چەندین حاڵەتی لەو جۆرە لەلای ئێمە تۆمار کراوە و زۆر جار کوڕ و کچێک ماوەیەک پەیوەندی خۆشەویستیان ھەبووە، کچەكە ئەوەندە متمانەی بەکوڕەکە ھەبووە، وێنەی تایبەتی خۆی بۆ کوڕەکە ناردووە، بەڵام دواتر کوڕەکە ھەڕەشەی ئەوەی لێ کردووە، ئەگەر لەگەڵی نەیەتە دەرەوە یان داواکاریەکانی جێبەجێ نەکات، بەشێوەیەکی نەشیاو وێنەکانی بڵاو دەکاتەوە، بۆیە زۆر جار کچان لە ترسی ئەوەی وێنەکەیان بەشێوەیەکی ناشرین بڵاو نەبێتەوە، ناچارن خۆیان رادەستی ئەو جۆرە کوڕانە بکەن".


بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە بنەبڕ بکرێت، ئەوان وەک سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان ھەموو ساڵێک لە قوتابخانەکاندا سمیناری تایبەت دەکەنەوە و داوا لە کچان دەکەن، لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە متمانە بەکوڕان نەکەن و بەناوی خۆشەویستیەوە وێنەی خۆیان بۆ کوڕان نەنێرن، چونکە زۆر جار وێنەکانیان بەمەبەستی خراپ بەکاردەھێنرێت.


بەرپرسی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزان باسی لەوەش کرد "بۆ ئەوەی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، وێنەی کچان بەمەبەستی خراپ بەکار نەھێندرێت، چەندین جار داوامان کردووە ھۆبەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لەناو بەڕێوبەرایەتییەکانی ئاسایشدا بکرێتەوە، ھەروەھا لەناو ئاسایشدا بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی بکرێتەوە، ھەرچەندە ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس ھاوکاری باشیان کردووین لە دۆزینەوەی ئەو جۆرە کەسانەدا، بەڵام باشترە ھۆبەیەکی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تایبەت بەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بکرێتەوە".

bas news-
Top