ژووری بازرگانی دھۆک: سەرجەم پڕۆژە راگیراوەکان دەست پێدەکرێنەوە
لە دوای نەمانی شەڕی داعش و پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان، رۆژ بە رۆژ جموجوڵی بازرگانی ئاسایی دەبێتەوە، بازرگان و کۆمپانیا بیانییەکانیش بۆ کاری وەبەرھێنان ڕوو لە ھەرێمی کوردستان دەکەن و، حکوومەتی ھەرێمیش ھەموو ئاسانکاریەکیان بۆ دەکات.
ئەیاد حەسەن، سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "رۆژ بە رۆژ جموجوڵی بازرگانی لە سنووری پارێزگای دھۆک لەگەڵ تورکیا، لە زیادبوون دایە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی کردووە، حکوومەتی ھەرێم و تورکیا بەردەوام کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن، بۆ ئەوەی ھەموو ئاسانکارییەک لە خاڵە سنوورییەکان بکرێت، لە پێناو زیادکردنی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەتایبەت تورکیا، بە ھۆی دابەزینی نرخی لیرە، دەیەوێت کەل و پەلی زیاتر رەوانەی ھەرێم بکات".
پێوهست بەکردنەوەی پردی سێیەم لە خاڵی سنووری ئیبراھیم خەلیل، ئەیاد حەسەن گوتی: "کردنەوەی ئەو پردە سوودی زۆری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەبووە، ئێستا ئەو قەڵەباڵغیەی ھەبووه، نەماوە و گەشتیارانیش بە ئاسانتر ھاتووچۆ دەکەن، بۆیە ئەو پردە کاریگەری زۆری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەبووە".
لەبارەی ھەوڵی حکوومەتی عێراق بۆ داخستنی خاڵی سنووری سێمالکا و کردنەوەی خاڵێکی نوێ لە نێوان عێراق و تورکیا، سەرۆکی ژووری بازرگانی دھۆک ئاشکرایکرد، ئەوان ھەموو ھەوڵێکیان دا بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراق بێت و، لەخاکی ھەرێمی کوردستان نەبێت، بۆیە بەنیاز بوون وەکو جێگرەوە، خاڵی سنووری سێمالکا دابخەن و، خاڵێکی نوێ لە نێوان عێراق و تورکیا بکرێتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
ئەیاد حەسەن، پێوهست بە ژمارەی کۆمپانیا بیانییەکانی سنووری دھۆکیش، گوتی، "ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیای بیانی ئێستا لە سنووری دھۆک کار دەکەن، بەپێی دواین ئاماریش ژمارەیان ٣٠٠ کۆمپانیایە، زۆرینەشی کۆمپانیای تورکین، پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشە، کە ھەموو ئاسانکارییەک بۆ راکێشانی کۆمپانیای زیاتری بیانی دەکەن، بۆ ئەوەی بێن لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن".
گوتیشی: "بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان، ھەموو ئەو پڕۆژانەی لە سنووری دھۆک بە ھۆی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی راگیرابوون، جارێکی دیکە دەست پێدەکەنەوە".
kdp-
