سەعدی پیرە: کورد لە هیچ لایەنێک دوور نییە و ڤیتۆشمان لەسەر کەس نییە
پاش ئەوەی زانیاری لەبارەی مەرجەکانی کورد بۆ هاوپەیمانی لایەنە عێراقییەکان بۆ بەشداری لە حکوومەتی نوێ بڵاو کرایەوە، دەرکەوتووە کە کورد پێداگر و سوورە لەسەر پرسەکانی و هاوکات ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک، بوودجە و مووچە و پشکی ەهرێمی کوردستان، مادەی ١٤٠، بابەتی پێشمەرگە و شەراکەتی ڕاستەقینە لە دەسەڵات بەشێکن لە داواکانی.
لەو بارەیەوە سەعدی پیرە، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەو پرۆژەیەی ئێمە هەمانە هەموو ئەوانەی تێدایە، بەڵام بڵاو نەکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو شتانەی کە داوا دەکرێن داخوازیی خەڵکی کوردستانن".
گوتەبێژی یەکێتی ڕوونیشی کردەوە: "تا ئێستا نە پارتی و یەکێتی و نە لایەنی حکوومەت بە فەرمی هیچیان لەسەر ئەو بابەتە بڵاو نەکردووەتەوە، چونکە ئەو مەرجانە بۆ ئەوەیە لەسەر مێزی گفتوگۆ باس بکرێن".
سەبارەت بەوەی ئایا لایەنی کورد لە کام لایەنی عێراقی زیاتر نزیکە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ پێک بێنێ؟، سەعدی پیرە گوتی: "کورد لە هیچ لایەنێک دوور نییە و ئێمەش ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە، بۆیە ئەو لایەنە لە ئێمە نزیک دەبێ کە تێگەیشتنی هەبێ و لەگەڵ ئێمە لەسەر داواکارییەکان ڕێک بەکەوێت".
لەبارەی ئەوەی ئایا شاندە عێراقییەکان بەتەنیا لەگەڵ پارتی و یەکێتی گفتوگۆ دەکەن، یان لەگەڵ چوار لایەنە ناڕازییەکەش کۆ دەبنەوە، گوتەبێژەکەی یەکێتی ڕای گەیاند: "هەرچەندە لە دەرەوەی عێراقم و ئەمشەو دەگەڕێمەوە کوردستان، بەڵام هیچ زانیاریم لەبارەی بەشداریکردنی لایەنەکانی دیکە نییە".
باسنيوز
