شاندێکی دوو هاوپەیمانیی شیعە سەردانی هەولێر دەکات و تەنیا لەگەڵ نوێنەرانی دوو حزبی کوردستان کۆ دەبنەوە
بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر 3ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە 27/8/2018 شاندەکەی سائیرون و فەتح لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە هەولێر، لەگەڵ شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی کۆ دەبێتەوە.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، دانوستاندنە لەبارەی پێکهێنانی گورەترین کوتلەی پەرلەمانی بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.
دوای نزیکەی چوار مانگ لە هەڵبژاردن، تا ئێستا لایەنە عێراقییەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی وڵاتەکەیان رێک نەکەوتوون.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا.
هاوپەیمانیی و لیستە براوەکان:
- هاوپەیمانیی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، 54 کورسی
- هاوپەیمانیی فەتح (حەشدی شەعبی) بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، 47 کورسی
- هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی، 42 کورسی
- لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، 25 کورسی
- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نوری مالیکی، 25 کورسی
- ئیئتیلافی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەللاوی، 21 کورسی
- رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەمار حەکیم، 19 کورسی
- لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 18 کورسی
- هاوپەیمانیی قەرار بە سەرۆکایەتیی ئوسامە نوجەیفی، 14 کورسی
بەپێی تەوافوقی سیاسیی عێراق، کە لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ـەوە پەیڕەو دەکرێ، سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بۆ کوردە، سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ پێکهاتەی عەرەبی سوننە و سەرۆکایەتیی حکوومەتیش بۆ پێکهاتەی عەرەبی شیعەیە.
باسنیوز
